عارف روشدی بۆ KDP: پارتی دیموکراتی کوردستان لەگەڵ ئەوەدایە

ھەولێر-KDP.info- راوێژکاری مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، پارتی دیموکراتی کوردستان جەخت لە یەکڕیزیی کورد لە بەغدا دەکاتەوە و چەندەش کورد یەکڕیز بێت، حیسابی زیاتری بۆ دەکرێت، بۆیە پارتی لەگەڵ ئەوەدایە ئەو لایەنانەی رۆیشتوون بۆ بەغدا، یەکدەنگ و یەکڕیز بن، چونکە پارتی کۆکەرەوەی ھەموو لایەنە سیاسییەکانە.
عارف روشدی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "پارتی دیموکراتی کوردستان ھەمیشە جەخت لە یەکڕیزیی کورد دەکاتەوە و چەندەش کورد یەکڕیز بێت، خەڵکی زیاتر رێزمان لێ دەگرێت و حیسابی زیاتریشمان بۆ دەکرێت، چونکە پارتی پێشوەختە جەختی لەسەر یەکڕیزیی کورد کردووەتەوە، لەبەر ئەوەی پارتی کۆکەرەوەی ھەموو لایەنە سیاسییەکانە".
روشدی ئاماژەشی دا، پارتی دیموکراتی کوردستان لەگەڵ ئەوەدایە ھەموو لایەنە سیاسییەکان کە رۆیشتوون بۆ بەغدا، یەکدەنگ و یەکڕیز بن، بۆ ئەوەی دەنگی راستەقینەی کورد لەوێ کاریگەریی خۆی ھەبێت، کە ئەو سیاسەتەی پارتی لەسەر ئاستی کوردستان و عێراقیش بەردەوام دەبێت.
راوێژکاری مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕوونیشی کردەوە: "پەیوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان لەگەڵ ھەموو لایەنە عێراقییەکانیش ئاساییە و ھیچ کێشەمان لەگەڵ ھیچ لایەنێکدا نییە، ئەو رێککەوتنەی کراویشە لەبارەی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان، دژی ھیچ لایەنێک نەبووە و ئێمە دژایەتیی ھیچ لایەنێکیش ناکەین و دەستی دۆستایەتیش بۆ ھەموو لایەنێک درێژ دەکەین، چونکە دەمانەوێت پرۆسەی سیاسیی عێراق سەرکەوتوو بێت و داواکاریی کورد وەکو لە دەستووردا ھاتووە، جێبەجێ بکرێت".
دەشڵێ: "بۆ پێکھێنانی حکوومەتی عێراق ھەندێک پێوەری دەستووری ھەن و ئومێد دەکەین ئەو پێوەرانە کاریان پێ بکرێت و تێکنەدرێن".
بڵند ئیبراھیم




