لیژنەیەک بۆ زانینی زیانەکانی لافاو دەستبەکار بوو

ھەولێر-KDP.info- قایمقامی ھەولێر گوتی، دوای لافاوەکەی ئەم دوایەی شاری ھەولێر و زیاگەیاندن بە بەشێک لە گەڕەکەکان، لیژنەیەک پێک ھاتووە و زیانەکان دەخەمڵێنێت و دواتریش بڕیاری لەبارەوە دەدرێت.
قایمقامی ھەولێر، نەبەز عەبدولحەمید، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''بەھۆی ئەو شەپۆلی بارانەی لە ھەرێمی کوردستان باری و بووە ھۆی ئەوەی لە ھەندێک شوێنی ھەولێر لافاو هەستێت و زیانی بە ھەندێک لە گەڕەکەکان گەیاند، لیژنەیەک پێک هاتووە و لە دوێنێوە دەستبەکار بوون لە فەرمانگەی وەڵامدانەوەی قەیرانەکان و دەزگای خێرخوازیی بارزانی و زیانەکان دیاری دەکەن.''
نەبەز عەبدولحەمید گوتیشی: ''دوای ئەوەی ئاماری زیانەکان لەلایەن ئەو لیژنەیەی پێک ھاتووە تەواو بوو، ئەوکات پارێزگا ئاشکرای دەکات و بڕیاری لەبارەوە دەدات.''
سەرۆکی شارەوانیی ھەولێر ئاماژەی بەوەش دا: ''بەھۆی ئەوەی ئەم جارە پێشوەختە ئامادەکاریی باش کرابوو، زیانەکان بەراورد بە لافاوەکانی پێشتر کەمتر بوون و تەنھا ھەندێک زیانی ماددی ھەبووە و ئیدارەی پارێزگا سەرقاڵی ئەوەیە بزانێت کە زیانەکان چەند بوون، بەڵام تا ئێستاش ٢٢ تیمی ئێمە بە بەردەوامی لە خزمەت ھاووڵاتییاندان بۆ ھەر ئەگەر و ھاوکارییەک.''
عەبدولواحید ئەحمەد گوتیشی: ''لە ھەر شوێنێک، ھەر ماڵێک پێویستی بە ھاوکاری ھەبێت، ئێمە ھاوکارییان دەکەین لە خاوێنکردنەوە و شوشتنی ماڵەکانیان و ھەر گرفتێکیان ھەبێت، بۆیان چارەسەر دەکەین.''
بڵند ئیبراھیم




