بۆ بەدواداچوونی گرفتەکانی ھێزی پێشمەرگە دوو لیژنە پێک ھاتوون
_(10)__2022_01_11_h15m27s50__ER.jpg)
ھەولێر-KDP.info- ئەندامێکی لیژنەی پێشمەرگەی پەرلەمانی کوردستان گوتی، بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکانی ھێزی پێشمەرگە، لیژنەی پێشمەرگە دوو لیژنەی پێک ھێناوە و بەدواداچوون بۆ گرفتەکانی پێشمەرگە دەکەن و ھەفتەی داھاتووش ھەردوو لیژنەکە دەستبەکار دەبن .
سەعید ھەرکی، ئەندامی لیژنەی پێشمەرگەی پەرلەمانی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: وەکوو لیژنەی پێشمەرگە کۆبوونەوەیەکمان ساز کرد و دوو لیژنەی لاوەکیشمان پێک ھێناوە، یەکێک بۆ بەدواداچوونی گرێبەستەکانی وەزارەتی پێشمەرگە بۆ دابینکردنی جلوبەرگی پێشمەرگە و خواردن و چەک و تەقەمەنی و ھەرچی گرێبەست ھەیە، بۆ ئەوەی بزانین گرێبەستەکان چۆنن و تا چەند شەفافن و ئەگەر کێشەیەکیش ھەبێت چارەسەر بکرێت.''
سەعید ھەرکی گوتیشی: ''لیژنەی دووەم بەدواداچوون و بانگھێشتکردنی بەرپرسی یاسایی و تەندروستیی وەزارەتی پێشمەرگە دەبێت لەگەڵ بەرپرسی کەمئەندامانی یەکەکانی ٧٠ و ٨٠ی ھێزی پێشمەرگە، چونکە ھەندێک کێشە ھەیە دەبێت چارەسەر بکرێت، لەبەر ئەوەی یاسای کەمئەندامانی وەزارەتی پێشمەرگە ڕوون نییە کە کێ دەبێتە کەمئەندامی سەنگەر، خەڵکێک ھەیە لە شەڕدا بووەتە کەمئەندام و تا ئێستا نەکراوەتە کەمئەندام.''
ھەرکی باسی لەوەش کرد: ''دەمانەوێت ئەو کێشانەی ھەن، ھەم لە گرێبەستەکان و ھەم لە کەمئەندامان، چارەسەریان بکەین، بۆیە لیژنە پێک ھێندراون و ھەفتەی داھاتوو دەست بە کارەکانی خۆیان دەکەن.''
بڵند ئیبراھیم




