ئەمساڵ ملیۆنێك و ٥٠٠ هەزار گەشتیار سەردانی دھۆكیان كردووە

دهۆك-KDP.info- بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گەشتوگوزاری دھۆك، ئاماری ئەمساڵی كار و چالاكییەكانی خستە ڕوو و بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاری دھۆكیش ئاشكرای كرد، ئەمساڵ یەك ملیۆن و ٥٠٠ ھەزار گەشتیار سەردانی دھۆكیان كردووە.
د. خەیری عەلی ئوسۆ، بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاری دھۆك، لە پڕێسكۆنفرانسێكدا رایگەیاند: "ئەمساڵ یەك ملیۆن و ٥٠٠ ھەزار گەشتیار سەردانی شوێنە گەشتیارییەكانی سنووری پارێزگای دھۆكیان كردووە و ٩٠٠ بنكەی گەشتیارییش لە سنووری دھۆك ھەن، كە لەو ژمارەیە ٢٥٠ بنكەی سرووشتین و ئەمساڵ لە دھۆك ٦٠ بنكەی گەشتیاریی نوێ كراونەتەوە".
بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاری دھۆك دەشڵێت: "پلانی درێژخایەنی گەشتیاریی دھۆك ھەیە بۆ ماوەی ١٠ ساڵ، بڕیارە دوای پەسەندكردنی پلانی ١٠ ساڵە لەلایەن ئەنجوومەنی پارێزگای دھۆكەوە بەرز بكرێتەوە بۆ حكوومەت".
ئوسۆ، ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: "گەشتوگوزاری دھۆك پلانی ھەیە بۆ ساڵی ئایندە، لەوانەش كردنەوەی چەند ھۆتێلێكی بەنێوبانگ لە دھۆك و ئامێدی، هەروەها بڕیارە ژمارەیەك پڕۆژەی ستراتیژی بكرێنەوە، لەوانەش تەلەفریكی چیای گارە، ھەروەھا مەشق و راھێنان بە دەرچووانی بەشە گەشتیارییەكان دەكرێت، بۆ ئەوەی دەرفەتی كاریان بۆ بڕەخسێت، كۆنفڕانسی دووەمی گەشتیارییش لە ساڵی ئایندەدا كاری لەسەر دەكرێت و كۆنفڕانسی ئەمساڵیش سوودی زۆری ھەبووە".
قائید میرۆ




