هۆكاری دواكەوتنی دەرماڵەی قوتابیان پەیوەندی بە كەمتەرخەمی كۆلێژەكانەوە هەیە

لەگفتوگۆیەكیدا لەگەڵ رۆژنامەی (خەبات) پ.ی.د.ئەحمەد ئەنوەر دزەیی لەبارەی كەم و كورتیەكانی زانكۆی سەڵاحەددین و دواكەوتنی دەرماڵەی قوتابیان لەكاتی خۆیداو دروستكردنی كەمپی نوێی زانكۆی سەلاحەددین، كۆنی و نەبوونی مەرجی سەمەلاتی بەشەناوخۆییەكان و كردنەوەی چەند بەشێك نوێ لەزانكۆی سەڵاحەددین و چەند پرسێكی ترەوە دەدوێت.
گفتوگۆی:عەلی بانیشاری
گلەیی لەدواكەوتنی كەمپی نوێی زانكۆی سەڵاحەددین دەكرێت؟ د.ئەحمەد دزەیی: پڕۆژەی كەمپی زانكۆی سەلاحەددین لە ساڵانی هەشتاكانەوە لەو رۆژەی گواستراوەتەوە شاری هەولێرو درووستكردنی لە ئارادابووە، بەڵام لەساڵی2004 لەلایەن كۆمپانیایەكی نەرویجی دیزاینەكەی دەستی پێكراوەو ساڵی2010 تەواو بووە، بەڵام بەهۆی كەموكورتی دیزاینەكەی دووبارە دەستكاری كرایەوە، ئەو دیزاینەی پێشوو كرابوو چەند ساڵێكە دراوە بە13 كۆمپانیا بۆ بەدواداچوونەوەی ئەو دیزاینە، لە مانگی ئاداردا دیزانیەكەمان بۆ دەگەڕێتەوەو لە قۆناغی كۆتاییدایە تا بەردی بناغەی دابنرێت، هیوادەخوازم لە جەژنی نەورۆزدا بەردی بناغەی بۆ دابنرێت، لە سەرەتاشدا قۆناغی یەكەمی دەست پێدەكات كە لە مەلەوانگەو بەشەناوخۆییەك كە 1400 قوتابی لە خۆدەگرێت پێك دێت، لەگەڵ تەلاری سەرۆكایەتی زانكۆ و كۆلێژەكانی هونەرە جوانەكان و خوێندنی ئیسلامی، لە لایەكی دیكە ژێرخانیش بوودجەی بۆ دابینكراوە لە پڕۆژەی پەرەپێدانی زانكۆكان، ئەوەی دیكە لە پڕۆژەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بودجەی بۆ تەرخانكراوە كە زیاتر لە(205) ملیار دینارە، هەرچەندە وادەی دروستكردنی كەمپی نوێی زانكۆ دواكەوتووە، بەڵام بەهۆی ئەوەی ژمارەیەكی زۆر قوتابی و مامۆستاو كارمەندمان هەیە، زانكۆ پێویستی بەوە هەیە كەمپێكی گەورە بۆ دروست بكرێت كەشیاوی پایتەخت و مێژووی زانكۆی سەڵاحەددین بێت، بەشێكی دیكەی هۆكاری دواكەوتنەكەی كەمپی نوێی زانكۆ بۆ تەرخانكردنی بودجەیەكی زەبەلاح دەگەڕێتەوە كەلەتوانای دارایی حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا نەبووە.
دواكەوتنی بەردەوامی دەرماڵەی قوتابیان
لەبارەی دواكەوتنی بەردەوامی دەرماڵەی قوتابیانی زانكۆی سەڵاحەددین سەرۆكی زانكۆی سەڵاحەددین دەڵێت: سیستەمی ژمێریاری و دارایی لە زانكۆكان جگە لە زانكۆكانی كوردستان (مەركەزیە) بەمانایەی سەر بە (بەڕێوەبەرایەتی گشتی ژمێركارین) لە وەزارەتی دارایی و ئابووری، هەروەها لیستی دەرماڵەی قوتابیان لە گشت كۆلێژەكان (ناوەوەو دەرەوە) بەپێی شایستەیان مانگانە ئامادە دەكرێت و ڕەوانەی سەرۆكایەتی زانكۆ دەكرێت بۆ ووردبینی كردن یەكخستنی دواتر بەنووسراوێكی فەرمی لەسەرۆكایەتی زانكۆیەوە بەڕێوەبەرایەتی دارایی ئاڕاستەی وەزارەتی دارایی دەكرێت بۆ تەممویل كردنی كۆلێژەكان، ئەم بازنەی رۆتینە و نەناردنی كۆلێژەكان لیستی دەرماڵەی قوتابیانیان بۆ سەرۆكایەتی زانكۆ لەكاتی دیاری كراودا دەبێتە مایەی دواكەوتنی هاتنی تەمویلی دەرماڵەی قوتابیان، سەرەڕای ئەوەش زۆر جار كۆلێژەكان تەمویلیش دەكرێت بەڵام 2-3 رۆژ زیاتر پارەكە راناكێشن بۆ دابەشكردنی دەرماڵە. بەڵام دەبێت بڵێین زیاتر دەكەوێتە مانگی 1و2 لەبەر وەرگیرانی قوتابیان و تاوەكو ماوەی گواستنەوە و دابەزین تەواو دەبێت و دەرماڵەی (ناوخۆیی، دەرەكی) لێك جیادەكرێتەوە، لیستەكان لە تۆماری كۆلێژەكان دەگاتە ژمێریاری كۆلێژەكان، هۆكارو بەرپرسیاریەتی دواكەوتنی دەرماڵەی قوتابیان دەكەوێتە ئەستۆی كۆلێژەكان. چونكە بەڕێوەبەرایەتی دارایی زانكۆ ڕاستەوخۆ دوای (ووردبینكردن و یەكخستن) كردنی ڕەوانەی دارایی گشتی لە وەزارەتی دارایی دەكەن، هەروەها لە وەزارەتی دارایش تاوەكو ئیستا تەمویل دەرماڵە دوانەكەوتووە.
لاوازی ئاستی زانستی قوتابیان و چارەسەرەكان
لەپرسیارێكی رۆژنامەی (خەبات)دا لەبارەی ئەوەی بۆچی ئاستی زانستی قوتابیان لاواز دەبینرێت؟ دزەیی گوتی: لەبەرئەوەی پەروەردەكردنیان لەسەر بنەمایەكی لاوازەو ساڵ بەساڵیش بەپێی قۆناغەكانی خوێندن بەوێستگەی زانستی لاواز دەڕوات، كە بەشێكی پەیوەندی بە ژینگەی خوێندن و ئەوەی دیكە پڕۆگرامی خوێندن و خانەوادەی قوتابییەوە هەیە، بەڵام لە هەمووی گرنگتر خودی قوتابی خۆیەتی، هەستی بەرپرسیاریەتی نییە، تەنانەت تا دەگاتە زانكۆ و هەموو ساڵەكانیش دەبڕێت، كەچی كۆششی كەم دەكات و بەدوای شتی لاوەكییەوەیە، ئەمەش وایكردوە ئاستیان نزم بێت، هاوكات لەگەڵ ئەوەشدا قوتابی ئاست بەرزمان هەیەو ساڵانە لەسەر ئاستی بەش و كۆلێژەكان قوتابی بەنمرەی بەرزو ئاست بەرز نمرە وەردەگرن و رێژەیەكی بەرچاویان دەبنە یەكەمەكانی زانكۆ، لاوازی توانای قوتابی بەشێكی بۆ خراپ بەكارهێنانی تەكنەلۆژیای سەردەم دەگەڕێتەوە، ئەوەی دیكە بوونی پشووە زۆرەكان و بە كۆمەڵ نەچوونە هۆڵی خوێندنە، لەڕووی چارەسەریشەوە دەكرێت ئەم لاوازییە چارەسەر بكرێت، بەڵام بەبێ ئامادەبونی قوتابی ئەمە ناكرێت، چونكە دەبێت هەست و مێشكی قوتابی ئیرادەی ئەوەی تیدابێت كە چارەسەری بۆ بدۆزرێتەوە، سەرەتا دەبێت قوتابی بخوێنێت و دور بكەوێتەوە لە شتی لاوەكی و كۆششی زۆر بكات، دواتر مامۆستاكان زیاتر خۆیان ماندوو بكەن، پاشان ژینگەیەكی شیاوی خوێندن دروست بكرێت لە دابینكردنی هۆڵی ستانداردی خوێندنی زانستی ئەوەش بە هەبوونی كەمپێكی شیاوی زانكۆیی دەبێت.
بەشەناوخۆییەكان و مەرجی سەلامەتی
د.ئەحمەد ئەنوەر دزەیی لەبارەی مەرجی سەلامەتی بەشەناوخۆییەكانەوە باس لەوەدەكات لە ئێستادا لەسەر ئاستی وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی لێژنەیەكی باڵا پێكهاتووە بۆ چارەسەركردنی كەموكوڕییەكانی بەشەناوخۆییەكان بەتایبەت لە مەرجی سەلامەتی و لەوبارەیەوە دەڵێت: ئێستا لێژنەیەكی كاراترمان لە زانكۆ پێكهێناوە تا بەدواداچوونی بەردەوامی مەرجە تەندروستییەكان لەبەشەناوخۆیەكاندا بكات، ماوەی چەند رۆژی رابردوودا سەردانی بەشە ناوخۆییەكانیان كردووەو زۆربەی كەموكوڕییەكان دەستنیشان كراون، ئەوەی پەیوەندی بە سێ باڵەخانەكەی موڵكی زانكۆیە كارمان لەسەر كردووە تا بێ كەم وكوڕی بێت، ئەوەی دیكە كە زیاتر لە(20) باڵەخانەی ئەهلییە ئەوا داوامان لە خاوەن باڵەخانەكان كردووە بەزووترین كات چارەسەری بۆ بدۆزنەوە، ئەوەی نەتوانێت مەرجە تەندروستی و سەلامەتییەكان بۆ باڵەخانەكان دابین بكات، ئەوە سزایی دارایی دەدەین یا گرێبەستەكەی لەگەڵ هەڵدەوەشێنینەوە، بەڵام ساڵی ئایندە ئەو باڵەخانانە بەكرێ ناگرێنەوە كە كۆنن و مەرجی تەندروستی و سەلامەتی تێدا نییە.
خانووی مامۆستایان و كەم و كورتییەكانی زانكۆی سەڵاحەددین
خانووەكانی گوندی نوێی زانكۆی سەڵاحەددین چەند كێشەیەكی هەیە و مامۆستایان گلەیەكانیان ئاڕاستەی ئێوە دەكەن؟ د.ئەحمەد دزەیی: دوای ئەوەی خانووەكانی دێی نوێی زانكۆ دابەشكرا بەسەر مامۆستایان كەمێك كێشەیان هەبوو، كێشەكانیش خۆی لەبوارەكانی خزمەتگوزاریی وەك كارەبا، ئاو، ئاوەڕۆ، قیڕتاوكردنی شەقامەكان دەبینیەوە، بەڵام ئەوەی پەیوەندی بە ئاوو كارەباوە هەبوبێت چارەسەركراوە، بۆ ئاوەڕۆ قیرتاوكردنی شەقامەكانیش وابڕیارە وەزارەتی شارەوانی وگەشت وگوزار لەبوجەی ساڵی 2013))دا جێبەجێ بكات، لەبارەی كەموكورتییەكانی زانكۆی سەلاحەددینەوە ئێستا بە بەراورد بەساڵانی رابردوو تاڕادەیەك زانكۆی سەلاحەددین كێشەی كەم و بەرەو باشتر بوون هەنگاوی ناوە، بەڵام نەبوونی كەمپی تایبەت بەزانكۆی سەلاحەددین گەورەترین كێشەی بۆ دروست كردووین، كە بۆتە هۆی ئەوەی رووبەڕوی قەیرانی نیشتەجێبوون ببینەوەو كۆلێژەكانمان لە تەلاری شیاودا نەبن، هەروەها كێشەی باڵەخانەی بەشەناوخۆیییەكان كە ژمارەیەكی زۆر باڵەخانەو خانوومان بە كرێی گرتووە و ساڵانە ڕووبەری كێشەی نیشتەجێبوون بۆ قوتابیان دەبینەوە، هەرچەندە خزمەتگوزاری دابین بكەین ئەوا ناتوانین كۆنتڕۆڵی بكەین بەهۆی ئەوەی باڵەخان موڵكی خۆمان نین و تاڕادەیەك كۆنن، هەروەها كێشەی كەمی تاقیگە و ئامێری سەردەمیانەمانە لە بەشە زانستییەكانی كۆلێژە زانستییەكان بوونی هەیە.
بەرنامەكانی زانكۆ، كردنەوی چەند بەشێك و فرۆشتنی زەوی چەند كۆلێژێك لەكۆتایی گفتوگۆكەیدا پ.ی.د.ئەحمەد ئەنوەر دزەیی سەرۆكی زانكۆی سەلاحەددین لەبارەی بەرنامەكانی زانكۆو كردنەوی چەند بەشێك لەساڵی نوێداو دەنگۆی فرۆشتنی زەوی چەند كۆلێژێكی زانكۆی سەلاحەددین گوتی: بۆ ساڵی ئایندە زانكۆی سەلاحەددین چەند بەنرامەیەكی هەیە لەوانەش دروستكردنی بەشەناوخۆیی قوتابیان و دروستكردنی هۆڵی وەرزشی و قۆناغی یەكەمی پڕۆژەی كەمپی زانكۆیە كە خۆی لە دروستكردنی باڵەخانەی سەرۆكایەتی زانكۆو كۆلێژی زانستە ئیسلامییەكان و كۆلێژی هونەرە جوانەكاندا دەبینێتەوە، لەبارەی فرۆشتنی زەوی چەند كۆلێژێكەوە لە كابینەی شەشەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان فەرمان دەرچووە بە تەملیكردنی هەموو ئەو باڵەخانەی كە زانكۆی تێدایە، ئێستا لەسەر فەرمانی رێزدار سەرۆكی حكوومەت لێژنەیەك پێكهاتووە بۆ جێبەجێكردنی فەرمانەكە، لە داهاتوو دەكرێت ئەو باڵەخانانە بفرۆشرێت و پارەكەی بەكاربێت بۆ دروستكردنی كەمپی زانكۆی سەڵاحەددین، بۆ كردنەوەی بەشەنوێیەكانی زانكۆی سەلاحەددین لەساڵی داهاتوودا بەنیازین لە ساڵی ئایندە لە كۆلێژی كشتوكاڵ بەشی (ماسی) و لە كۆلێژی كارگێری و ئابوری بەشی (گەشتوگوزار) بكەینەوە.




