پارێزگای ھەولێر: ڕێگاکانی دەرەوە و ناوەوەی ھەولێر بەکار مەھێنن

ھەولێر-KDP.info- پارێزگای ھەولێر داوا لە ھاووڵاتییانی دەکات ئەگەر بۆ کاری زۆر زەروور نەبێت ڕێگاکانی دەرەوە و ناوەوەی ھەولێر بەکار نەھێنن.
نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی قەزای ناوەندی ھەولێر، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند، بەداخەوە بەھۆی لافاوەکەوە ٨ ھاووڵاتی گیانیان لە دەستداوە کە یەکێکیان بەھۆی ھەورەبروسکەوە بووە، ھاوکات زیانێکی زۆری مادیشی لێکەوتۆتەوە، کە چەند ناوچەو گەرەکێکی شاری ھەولێری گرتۆتەوە، بۆیە ئێستا تیمەکانمان لە ھەموو شوێنێکن بۆ بەھاناوەچوونی ھاووڵاتیان.
ھاوکات پارێزگای ھەولێریش پەیوەست بەو رووداوە ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە، ئاماژە بەوەدەکەن، لە نزیک کاتژمێر ٤ی بەیانیەوە لافاو لە بەشێکی زۆری سنووری پارێزگای ھەولێر دروست بووە بەداخەوە جگە لە زیانی مادی زیانی گیانیشی لێکەووتەوە.
ئەوان داواکارن لە ھاوڵاتییان ئەگەر بۆ کاری زۆر زەروور نەبێت ڕێگاکانی دەرەوە و ناوەوەی ھەولێر بەکار نەھێنن، ھەروەھا لە سنوور سەرجەم ناحیە و قەزا و گوندەکانی ھەولێر لە ھەرشوێنێک ھەستیان بەمەترسی بەرزبوونەوەی ئاو و کاریگەریەکانی باران کرد ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە قائیمقام و بەڕێوەبەری ناحیە و شارەوانی و لایەنە بەرپرسەکانی ئەم شوێنانەوە بکەن، پێشبینی دەکرێت ئەمڕۆ جارێکی تر شەپۆلێکی بەخوری باران سنووری پارێزگای ھەولێر بگرێتەوە. بۆ ئەو مەبەستەش سەرجەم تیمەکانی دەزگاکانی (ئاسایش، پۆلیس، زێرەڤانی، ھاتوچۆ، تەندروستی، بەرگری شارسانی، شارەوانیەکان، ناوەندی قەیرانەکانی پارێزگا) و سەرجەم دەزگا پەیوەندیدارەکان خراونەتە ئامادەباشییەوە.
ھەر بۆ ئەم مەبەستەش، ڕێزدار مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بەووردی چاودێری دۆخەکە دەکات و چەند جارێک لەڕێگەی پەیوەندی تەلەفۆنیەوە پارێزگاری ھەولێری ڕاسپاردووە لەڕێگە دەزگا پەیوەندیدارەکانەوە بە پەلە بە ھانای زیانلێکەوتووانەوە بچن و ھەرچی پێویست بێت بۆ ھاوکاریکردنیان و دابینکردنی پێداویستییەکانیان ئەنجامی بدەن.
ھەڵکەوت محەمەد




