"کەمکردنەوەی نرخی دۆلار بەرامبەر دینار لە بەرژەوەندیی خەڵکدایە"

ھەولێر -KDP.info- دوای ئەوەی وەزیری داراییی حکوومەتی عێراق باسی لەوە کرد کە نرخی ١٠٠ دۆلاری ئەمەریکی بۆ ١٢٥ ھەزار دیناری عێراق دەگەڕێننەوە و نرخەکەی وەکوو پێشووی لێ دێتەوە، بڕیاریکاری پێشووی وەزارەتی داراییی حکوومەتی عێراق گوتی: ''ئەو بڕیارە ئەگەر جێبەجێ بکرێت زۆر باشە و لە بەرژوەندیی خەڵکی عێراق و ھەرێمی کوردستانیشدایە، چونکە بەھێزکردنی دراوی عێراق دەبێتە ھۆی ئەوەی جارێکی دیکە نرخی کەلوپەلەکان ئەرزان ببنەوە، ئەمەش بۆ خەڵک زۆر باشە.''
بریکاری پێشووی وەزارەتی داراییی حکوومەتی عێراق، دکتۆر فازڵ نەبی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''تا پێش چەند ڕۆژێک وەزیری دارایی حکوومەتی عێراق سوور بوو لەسەر ئەوەی نرخی دۆلار بەرز بووەتەوە و کارێکی باشیان کردووە کە کاتی خۆی ئێمە دژی بووین و پێمان وابوو چارەسەری دیکە ھەبوو بکرێت، بەڵام ئێستا کاریگەریی سیاسی و پێکھێنانی حکوومەت لە ئارادایە و دەیەوێت جارێکی دیکە نرخی دۆلار کەم بکاتەوە لە ھەر ١٠٠ دۆلار بۆ ١٢٥ ھەزار دینار، بەڵام لە ڕەشنووسی نوێی بودجەدا شتی وای تێدا نییە و ئەگەر بکرێت زۆر باشە و لە بەرژوەندیی خەڵکی عێراقدایە.''
دکتۆر فازڵ نەبی گوتیشی: ''ئەوان ئەو کارەیان کردووە و کاتی خۆی قەناعەتیان بە سەرۆکوەزیران ھێنا و فشاریان لە پارێزگاری بانکی ناوەندی کرد ناچار بوون قیمەتی دیناریان کەم کردەوە و دۆلاریان بەرز کردەوە، بۆیە ئێستا دەتوانن جارێکی دیکە نرخی دۆلار بۆ نرخی پێشوو بگەڕێننەوە و ئەگەر ئەو کارەش بکەن کاریگەریی باشی دەبێت، بەڵام ھەندێک کاتی دەوێت تا بازرگانەکان بتوانن لەگەڵ دۆخەکە ڕابێن و نرخی کەلوپەلی ئەرزانتر دەبێت، بۆیە بەھێزکردنی دراوی عێراق لە بەرژوەندیی خەڵکی عێراقدایە.''
بڵند ئیبراھیم




