قایمقامی شنگال: پێویستە حکوومەتی عێراق لەسەر بڕیاری پەکەکە ھەڵوێستی ھەبێت

شنگال-KDP.info- ئەمڕۆ پەکەکە بڕیاری دا، دەوامی فەرمانگە حکوومی و ناحکوومییەکان و ڕێکخراوەکان لە شنگال ڕابگرێت و ڕێگەی بە ھیچ فەرمانگە و ڕێکخراوێک نەدا دەوام بکەن.
لەم بارەیەوە، مەحما خەلیل، قایمقامی قەزای شنگال، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''ئەو بڕیارەی پەکەکە لە شنگال داویەتی لە ئەنجامی جێبەجێنەکردنی ڕێککەوتنی شنگالە و ئەو ھەلەیان قۆستووەتەوە، بۆیە پێویستە حکوومەتی عێراق بەپەلە بێتە سەرخەت و ئەو کێشەیە چارەسەر بکرێت، چونکە ئەگەر حکوومەتی عێراق پارێزگاری لە فەرمانبەرانی ئێمە نەکات، داوا دەکەین لە ھەرێم پارێزگاری لە فەرمانبەرانمان بکەن و پەکەکە لە شنگال دەربکەن، چونکە ئەگەر بەو شێوەیە بەردەوام بێت، کۆچی پێچەوانە لە شنگالەوە بۆ ھەرێم دەست پێ دەکات.''
قایمقامی قەزای شنگال گوتیشی: ''ئەو بڕیارەی پەکەکە داویەتی، ئێمە ددانی پێدا نانێین و ناشەرعی و نایاساییە و وای دەبینین کە ئیستغلالکردنی خەڵکی شنگالە، ھۆکارەکەیشی ئەوەیە کە حکوومەتی عێراق تا ئێستا ڕێککەوتنی شنگالی جێبەجێ نەکردووە، پەکەکەش ئەو ھەلەی قۆستووەتەوە و ئەو کارە دەکات کە ژیان بۆ شنگال نەگەڕێتەوە و خەڵک تووشی خەم و ئازار ببێت.''
مەحما خەلیل جەختی لەوەش کردەوە: ''ئێمە داوا دەکەین پارێزگاری لە فەرمانبەرانمان بکرێت بۆ ئەوەی کاروباری خۆیان بکەن، ئەگەر خزمەتگوزارییش نەبێت، ئێمە ناچارین پارێزگاری لە فەرمانبەرانی خۆمان بکەین، بۆیە ئەگەر حکوومەتی عێراق نەیکات، ئێمە داوا لە ھەرێم دەکەین، کارێک بکات بۆ ئەوەی پەکەکە لە شنگال نەمێنێت.''
قایمقامی قەزای شنگال باسی لەوەش کرد: ''نووسراوێکی فەرمیم بۆ پارێزگای مووسڵ کردووە کە ئەو بڕیارەی پەکەکە ناشەرعی و نایاساییە و پێویستە ھەڵوێستیان ھەبێت، چونکە ئەوانە ژیان لە شارێک ڕادەگرن، بۆیە پێویستە ئەو دۆخە چارەسەر بکرێت، چونکە پەکەکە دەیەوێت شنگال بکاتە پەناگەیەک بۆ خۆی و تورکیاش بەھۆی ئەوانەوە زیان بە خەڵکی ئێمە بگەیەنێت و ئەگەر وا بڕوات ئاوارەبوونی دووبارە لە شنگالەوە بۆ ھەرێم دەست پێ دەکاتەوە، بۆیە پێویستە بەپەلە ئەو کێشەیە چارەسەر بکرێت.''
بڵند ئیبراھیم




