٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

لیوا قارەمان بۆ KDP: ئەمەش ھەنگاوێکی دیکەی گرنگە بۆ یەکخستنی ھێزی پێشمەرگە

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- جێگری سوپاسالار لە وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە چوارچێوەی یەکخستنی ھێزی پێشمەرگە، تا ئێستا چوار لیوای نوێی پێشمەرگە پێکھێندراون و خراونەتە سەر وەزارەتی پێشمەرگە. دەشڵێ، یەکگرتنەوەی ھێزی پێشمەرگە بەردەوام دەبێت تا ھەموو ھێزی پێشمەرگە یەک دەگرێتەوە.

لیوا قارەمان کەمال، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، یەکخستنی ھێزی پێشمەرگە لە چوارچێوەی پرۆسەی چاکسازی بەردەوامە و لەمساڵدا چوار لیوای نوێی ھێزی پێشمەرگە پێکھێندراون و پرۆسەکەش بەردەوامە، کە بڕیارە لیوای دیکەش دروست بکرێن تا ھەموو ھێزی پێشمەرگە یەک دەخرێت و دەبێتە یەک ھێز.

جێگری سوپاسالار لە وەزارەتی پێشمەرگە گوتیشی، جگە لەو چوار لیوایە، ھێزی پشتیوانیی دووش ھاتووەتە سەر وەزارەتی پێشمەرگە و ھێزی پشتیوانیی یەکیش کارەکانی تەواو بووە و تەنها ڕەزامەندیی ئەنجومەنی وەزیرانی ماوە و دەخرێتە سەر وەزارەتی پێشمەرگە، ئەمەش ھەنگاوێکی دیکەی گرنگە بۆ یەکخستنی ھێزی پێشمەرگە.

لیوا قارەمان ڕوونیشی کردەوە، پرۆسەکە بەردەوام دەبێت و لیوای دیکەشی بەدوادا دێت، تاوەکو سەرجەم ھێزی پێشمەگە یەک دەخرێت.

ڕاشیگەیاند: "یەکەی حیسابیی وەزارەتی پێشمەرگەش تەواو بووە و رەوانەی ئەنجومەنی وەزیران کراوە، بۆیە چاوەڕێ دەکەین بگەڕێتەوە و ئەوکات ھەموو وەزارەتی پێشمەرگە یەک یەکەی حیسابیی دەبێت، بۆیە ھەنگاوی باش نراوە و لەو ھەنگاوانەش بەردەوام دەبین و کاری بەردەوامیشی بۆ دەکرێت".

 

بڵند ئیبراھیم 

 

هەواڵی پەیوەندیدار