حکوومەت سەرقاڵی میکانیزمێکە بۆ دابەشکردنی دەرماڵەی قوتابیان

هەولێر-KDP.info- هەفتەی رابردوو سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری خەرجکردنی زیاتر لە حەوت ملیار دیناری بۆ جێبەجێکردنی داواکاریی قوتابیان دا و سکرتێری یەکێتیی قوتابیانیش دەڵێ، حکوومەت سەرقاڵی میکانیزمێکە بۆ دابەشکردنی دەرماڵەی قوتابیان.
نێچیرڤان کەلاری، سکرتێری یەکێتیی قوتابیانی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "دوای خۆپیشاندان و ناڕەزایی قوتابیان، پەیامی قوتابیان گەیشتە سەرۆکی حکوومەت و مەسروور بارزانی هاتە سەر هێڵ، بۆ ئەوەی بە وردی ئاگاداری کێشەکانی قوتابیان بێت، بە تایبەتی دوای دیداری بەڕێزیان و سەردانی دوو بەشەناوخۆیی، بڕیار درا بە چارەکردنی کێشەکانی قوتابیان، ئەوەش بۆ گرینگیدانی سەرۆکی حکوومەت دەگەڕێتەوە بە توێژی قوتابیان و کەرتی خوێندن".
سکرتێری یەکێتیی قوتابیان دەشڵێت: "چارەکردنی کێشە و داخوازیی قوتابیان، حکوومەت بە ئەرکی خۆی دەزانێ و هەر ئەوەش وای کرد، سەرۆکی حکوومەت بڕیاری دا بە خەرجکردنی پارە بۆ خۆێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، بەڵێنی ئەوەش دراوە ئەوەی لە توانای حکوومەتدا بێت درێخی نەکرێت".
کەلاری ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: "هەفتەی رابردووش زیاتر لە حەوت ملیار دینار بۆ جێبەجێکردنی داواکاریی قوتابیان خەرج کراوە، لە ئێستادا خوێندنی باڵا سەرقاڵی گرتنەبەری میکانیزمێکە بۆ دابەشکردنی پارەکە و چۆنیەتیی دابینکردنی هاوکاریی ماددی بۆ قوتابیان".
قائید میرۆ




