٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

وەزارەتی پێشمەرگە بۆ KDP: ئەمڕۆ بەشێک لە ناوچەکان کێوماڵ دەکەن

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری گشتیی ڕاگەیاندن و ھۆشیاریی نیشتیمانی لە وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند، ھەماھەنگییەکی زۆر باش لە نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق دروست بووە و گەیشتووەتە ئاستی مەیدانی، کە ئەو ھەماھەنگییە بەردەوام دەبێت تا ھەموو ناوچەکان دەگرێتەوە.

عەمید عوسمان محەمەد، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "ئەو ھەماھەنگییەی لە نێوان ئێمە و سوپای عێراقدا هەیە، ئێستا گەیشتووەتە ئاستی مەیدانی و فەرماندە سەربازییەکانمان لە مەیدان بەیەکەوەن و ھەماھەنگیی باشیان ھەیە، ئێستاش دەبینین ئۆپەراسیۆنی ھاوبەش لە خوارووی گوێڕ و گوندی لھێبان و ئۆپەراسیۆنێکی فراوان لە ناوچەی گەرمیان ئەنجام درا، کە ئەمڕۆ رۆژی چوارەمە و رۆژی یەکەم ئۆپەراسیۆنەکە کۆتایی پێھات و لە رۆژانی دووەم و سێیەم کێوماڵ بەردەوام بوو".

ناوبراو ڕوونیشی کردەوە: "ئەمڕۆ لە بەشێک لە ناوچەکان کێوماڵ دەکەن و بەشێک لە حەشارگەکانی داعش، کە لەناوی دەحەوانەوە، لەناو دەبرێن و ئۆتۆمبێلێکی بۆمبڕێژکراویش تەقێندراوەتەوە و بایسکلێکیش، کە بۆمبڕێژ کرابوو و دەبردرا بۆ شوێنێکی قەرەباڵغ بتەقێندرێتەوە، ئەویش پوچەڵ کراوەتەوە".

عەمید عوسمان گوتیشی: "ئێستا پێشمەرگە کۆنترۆڵی بەشێکی زۆری ناوچەکەیان کردووە و بە ھەمان شێوە ھێزە ئەمنییە عێراقییەکان و پۆلیسی فیدراڵی لە باشوورەوە ھاتوون و بەشێکی زۆری ناوچەکەیان کێوماڵ کردووە، دەکرێت بڵێین ئەمە قۆناغێکی سەرەتایی زۆر باشە بۆ ھەماھەنگی لە نێوان ھێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق بە گشتی و، گەشبینین ئەو ھەماھەنگییە باڵاتر بێت و گەشە بکات و تەواوی ناوچە ئەمنییە ھاوبەشەکان لە نێوان ھێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق بگرێتەوە".

دەشڵێ: "ھۆکاری ئەوەی تا ئێستا کوژراو لە ریزەکانی داعش نییە، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ڕووبەڕووبوونەوە لە نێوان ھێزی پێشمەرگە و داعشدا نەبووە، بەڵام ھێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق بەیەکەوە بەردەوام دەبن شوێنی حەوانەوەی ئەوان بەرتەسک دەکەنەوە قۆناغ بەقۆناغ، تا دەگاتە ئاستی وەستانی ئەوان و، چاوەڕێ دەکرێت لە ئۆپەراسیۆنەکانی داھاتوودا ئەگەری رووبەڕووبوونەوە ھەبێت و ئۆپەراسیۆنەکانیش بەردەوام دەبن".

 

بڵند ئیبراھیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار