دیاری حوسێن: ئاسانکاری بۆ داعش وای کردووە لەناو کەرکووکدا ئاڵا ھەڵدەن

کەرکووک -KDP.info- جێگری بەرپرسی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان کەرکووک-گەرمیان گوتی، ھۆکاری ھەڵدانی ئاڵای داعش لەناو کەرکووک بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە لەناو کەرکووکدا ھەن و ئاسانکارییان بۆ دەکرێت، ڕەنگە ئەوەش بۆ ئەوە بێت کە کورد گوندەکان چۆڵ بکات، بەڵام بۆ ئەوەی ئەو کێشەیە چارەسەر بکرێت، پێویستە حکوومەتی عێراق ھەماھەنگی لەگەڵ پێشمەرگە بکات و پێشمەرگە بگەڕێتەوە بۆ ناوچە کوردستانییەکان و ئەوانەی ھاوکاری و پشتگیری داعش دەکەن و ڕێکاریان بۆ بگیرێتە بەر.
لەم بارەیەوە، دیاری حوسێن، جێگری بەرپرسی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان، کەرکووک-گەرمیان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''خەڵکێکی زۆر لەناو کەرکووک دانیشتوون کە داعش بوون و کەسوکاریان داعش بووە و زۆر بەئاسانی ئەو کارە دەکەن بۆ ھەڵکردنی ئاڵای داعش و لە زۆر شوێن ئاڵا ھەڵدەکەن بۆ ئەوەی ترس و لەرز بخەنە دڵی خەڵکەوە و دەیانەوێت کێشە بنێنەوە، بۆیە پێویستە ئامادەسازی بکرێت و کار بکرێت بۆ ئەوەی هەم لەناو کەرکووک کردەوە بەڕێوە بچێت و هەم لە دەوروبەری کەرکووکیش بەهۆی پەیدابوونی بۆشایی ئەمنییەوە کە لەدوای خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە بووەتە ھۆی بەھێزبوونەوەی داعش لە سنووری کەرکووک و ھەموو ئاسانکارییەک دەکرێت بۆ ئەوەی داعش زیان لە کورد بدات. ئێمە ناڵێین ھەموو ئەوەی دەکرێت داعش بێت لە ھەموو ناوچە کوردستانییەکان، چونکە عەرەبی ھاوردە کێشە دروست دەکەن بۆ ئەوەی کورد گوندەکان چۆڵ بکەن.''
دیاری حوسێن گوتیشی: ''پارێزگاری کەرکووک براکەی و خزم و کەسەکانی لەگەڵ داعشن و دەکرێ لەڕێگەی ئەوەوە زۆر ئاسانکاری بکرێت و ئەوانەی لە سلێمانیش بەر دران بەهۆی ئەوەوە بوو، ئێستا داعش لە کەرکووک و دەوروبەری نیشتەجێن و، ئەمانە وای کردووە کە فکرەی داعش بمێنێت و تەنھا لەڕووی سەربازییەوە لاواز بووە.''
حوسێن باسی لەوەش کرد: ''چارەسەر پێویستە حکوومەتی عێراق لەڕووی سەربازییەوە ھەماھەنگیی باش لەگەڵ پێشمەرگە بکات و پێشمەرگە بگەڕێتەوە بۆ ئەو ناوچانە و لەڕووی فکریشەوە عەرەب لەوە تێ بگەن کە ناتوانن کۆتایی بە کورد بێنن لەو ناوچانە و پێویستە ئەوانەی ھاوکار بوون و پشتگیریی داعشیان کردووە ڕێکاریان بەرامبەر بگیرێتە بەر.''
بڵند ئیبراھیم




