٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

وەزارەتی پێشمەرگە: لەمەودوا فەرماندە سەربازییەكان بۆیان نییە بە ئارەزووی خۆیان لێدوان بدەن

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- وەزارەتی پێشمەرگە، پڕۆژەیەكی بۆ كاروباری میدیا و ھۆشیاری بۆ ھێزەكانی پێشمەرگە و فەرماندە سەربازییەكان ئامادە كردووە، تا خۆیان بپارێزن لە چەند جۆرە لێدوانێك بۆ میدیا و كردنەوەی لایڤ لە ئەكاونتی كەسییانەوە، بەڕێوەبەری گشتیی ڕاگەیاندن و ھۆشیاریی نیشتمانیی وەزارەتی پێشمەرگەش دەڵێت، لەم چەند ڕۆژەی ئایندەدا گشتاندێك بڵاو دەكەنەوە و ئاگاداری فەرماندە سەربازییەكان دەكەنەوە كە ناتوانن بە ئارەزووی خۆیان لێدوان بۆ میدیاكان بدەن.

عەمید عوسمان محەمەد، بەڕێوەبەری گشتیی ڕاگەیاندن و ھۆشیاریی نیشتمانی لە وەزارەتی پێشمەرگە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "وەزارەتی پێشمەرگە، لە چوارچێوەی چاكسازییەكانی نێو وەزارەتەكەدا لە كابینەی نۆیەم، پڕۆژەیەكی ئامادە كردووە بۆ كاروباری میدیا و ھۆشیاری، پڕۆژەكەمان ناو ناوە ''ستراتیژیەتی میدیا و ھۆشیاری'' كە لەلایەن ئەنجومەنی بەرگری وەزارەتی پێشمەرگەوە قبووڵ كراوە، لەنێو پڕۆژەكەدا چەند ھەنگاوێكمان ناوە و چەند خاڵێكمان دەست نیشانكردووە، ھەروەھا پڕۆژەیەكی گشتیشمان ئامادە كردووە بۆ ئەوەی شانەی ڕاگەیاندن و ھۆشیاریی پێشمەرگە دروست بكەین، شانەی ڕاگەیاندن و ھۆشیاری پێشمەرگە ئەركەكەی ڕێگریكردنی میدیایە لەوەی ھەر شوێنێك بیەوێ بە ئارەزووی خۆی بچێ بۆ سەنگەرەكانی پێشمەرگە، هەروەها ڕێگریكردنە لە فەرماندە سەربازییەكان و ھێزی پێشمەرگەی كوردستان، كە بیانەوێت بە ئارەزووی خۆیان لێدوان بدەن، ئەم پڕۆژەیەش لە ئایندەیەكی نزیكدا دەكەوێتە كار".

بەڕێوەبەرەی ڕاگەیاندن و ھۆشیاریی نیشتیمانیی وەزارەتی پێشمەرگە گوتیشی: "لەم دوو ڕۆژەی ئایندەدا وەزارەتی پێشمەرگە گشتاندێك بڵاو دەكاتەوە بۆ تەواوی لیواكانی وەزارەتی پێشمەرگە، لەنێو ئەم گشتاندنەدا ئەوە ڕوون دەكرێتەوە كە میدیا چەند ترسناكە بۆ ھێزی پێشمەرگە، ھێزی پێشمەرگەش چەندە پێویستە خۆی بپارێزێ لە میدیا و تەكنەلۆژیا و كردنەوەی لایڤی تۆڕەكانی ئینتەرنێت لە سەنگەرەكانی پێشمەرگە، پێویستە میدیاش خۆی بپارێزێ لە بڵاوكردنەوەی ھەواڵ و ھەواڵی بەپەلە لەناو سەنگەر و ڕەبیەكانی ھێزی پێشمەرگەدا، بە ھیچ شێوەیەك لێرە بەدواوە لە دوای بڵاوكردنەوەی گشتاندنەكەی خۆمان، ڕێگە نادەین بە ھیچ میدیایەك لەناو سەنگەرەكانی پێشمەرگە لایڤ بكاتەوە، ڕێگە دەگرین لە تەواوی ئەفسەرانی ھێزی پێشمەرگەی خۆشمان و نابێت لە ئەكاونتە كەسییەكانی خۆیاندا ھەوڵ بدەن لایڤیان ھەبێت، بە دڵنیاییەوە لە قازانجی ھێزی پێشمەرگەیە و بۆ پاراستنیانە و ئاشكرانەبوونی جموجۆڵەكانیشانە بۆ دوژمنان".

عەمید عوسمان دەشڵێت: "لە دوای گشتاندنەكەوە ھەر حاڵەتێكی وا ببینرێت و بكرێت لەلایەن ھێزەكانی پێشمەرگە و فەرماندە سەربازییەكانەوە، وەزارەتی پێشمەرگە سزای ئینزیباتی و یاساییان دەدات و خۆیان لە دەرئەنجامەكەی بەرپرسیار دەبن، فەرماندە سەربازییەكان و ھێزی پێشمەرگە ناتوانن بە بێ ئاگاداریی وەزارەتی پێشمەرگە لێدوان بۆ میدیاكان بدەن و مامەڵەی نادروست لەگەڵ میدیادا بكەن، میدیاش پێویستە ئاگادارتر بن لە جاران و ئەوەندە سوود بە دوژمن نەەیەنێت".

ھاوكات، وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ڕاگەیاندن و چاپ و بڵاوكردنەوە، كە شێروان عەوڵا خورشید بەڕێوەبەرە گشتییەكەیەتی بە وەكالەت، گشاندنێكی بۆ گشت میدیا بینراوەكان بڵاو كردووەتەوە و تێیدا ھاتووە: "ئاگاداری گشت میدیا بینراوەكان و پۆرتاڵەكانیان دەكەینەوە، كە بە ھیچ جۆرێك ئەو وێنە و ڤیدیۆیانەی كە لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە بەرھەم ھێنراون و  تایبەتن بە ھێرشەكانیان بۆ سەر ھێزی پێشمەرگە و سڤیل، لەبارەی بڵاوكردنەوەی ئەو وێنە و ڤیدیۆیانە بە بێئاگایی ئەم كەناڵانە دەبن بە ڕایەڵێكی میدیایی تیرۆریستان و لەوێوە ترس و تۆقاندن و دڵەڕاوكێ لەنێو ھاووڵاتیاندا بڵاو دەكەنەوە، ئەمەش پێچەوانەی ئەم بڕیارەیە لە كە ساڵی ٢٠١٤ وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان تایبەت بە ڕێكخستنی فریكوێنسی سپەیس لە ھەرێمی كوردستان دەریكردووە".

روونیش كراوەتەوە: "ھەر كەناڵێك پێچەوانەی ئەم گشتاندنە ھەڵسوكەوت بكات، ڕووبەڕووی لێپرسینەوەی یاسایی دەبێتەوە، پاراستنی ئاسایشی نیشتیمانی و ئاشتیی كۆمەڵایەتیش، ئەركی سەرشانی ھەموو لایەكە، بۆیە پێویستە پابەندی یاسا و ڕێنماییەكان بن".

 

فایزە كۆیی

هەواڵی پەیوەندیدار