"کاروانێکی دیکەی کەسوکاری داعش دەگەڕێندرێنەوە عێراق"

هەولێر -KDP.info- بڕیارە لەم حەفتەیەدا کاروانی سێیەمی خێزان و کەسوکاری داعشە عێراقییەکان لە سووریاوە بگەڕێندرێنەوە عێراق و پەرلەمانتارێکی پێشووش گەڕاندنەوەی کەسوکاری داعش بە مەترسی دەزانێت بۆ سەر ڕەوشی عێراق و ھەرێمی کوردستان.
شێروان دووبەردانی، پەرلەمانتاری پێشووی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "بڕیارە لە چەند ڕۆژی داھاتوو کاروانێکی دیکەی خێزانە داعشەکان لە کەمپی ھۆل بگەڕێنەوە عێراق و پێشتر بە دوو کاروان ٥٠٠ خێزان گەڕێندراونەتەوە عێراق، ئەمە لە کاتێکدایە کە گرووپی تیرۆریستیی داعش دەستی بە جووڵە کردووە دژی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان و، گەڕانەوەی خێزانە داعشەکان کاریگەریی لەسەر بەھێزبوونی داعش و تێکچوونی ڕەوشی ئەمنی دەبێت لە عێراق و ھەرێمی کوردستان.''
پەرلەمانتارەکەی پێشووی عێراق دەشڵێت: "ھێشتا دیار نییە ژمارەی ئەو خێزانانەی دەگەڕێنەوە چەندە و داتای ئاوارە داعشەکان لای کۆچ و کۆچبەران و دەزگە ئەمنیەکانی عێراقە، بەڵام ٣٠ ھەزار کەسوکاری داعشی عێراقی لە کەمپی ھۆلدا نیشتەجێن و ١٠٠ لەوانە گەیشتوونەتە تەمەنی گەنجی و پەیوەندییان بە چەکدارانی داعشەوە ھەیە.''
شێروان دووبەردانی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "گەڕانەوەی کەسوکاری داعش مەترسی لەسەر ھەرێمی کوردستانیش ھەیە، چونکە ھەموو ئەو خێزانانە لە کەمپی جەدعەی باشووری مووسڵ نیشتەجێ دەکرێن، ئەمە لە کاتێدایە پێویستە عێراق وەریان نەگرێتەوە، ئەگەریش وەریان دەگرێتەوە، ھەر یەکە و ڕەوانەی پارێزگاکەی خۆیان بکاتەوە، نەک ھەموویان لە مووسڵ نیشتەجێ بکرێن.''
قائید میرۆ




