٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ھۆزە عەرەبەکان: دۆخەکە مەترسیدارە و پێویستە ھاوپەیمانان بێنە سەر هێڵ

سەرچاوە: KDP.info

مووسڵ-KDP.info- گوتەبێژی ھۆزە عەرەبەکانی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند، پێویستە ھاوپەیمانان لەبارەی ھێرشەکانی داعشەوە بێنە سەر هێڵ و چیتر رێگە بەو دۆخە خراپە نەدەن لە ناوچە کوردستانییەکان، چونکە داعش بووەتە مەترسییەکی جیددی و ھێرشەکانی چڕ کردووەتەوە.

 

شێخ مزاحم ئەلحوێت، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، دوو ھۆکار ھەن داعش جارێکی دیکە لە ناوچە کوردستانییەکان بەھێز بووەتەوە و دەستی بە ھێرشکردن کردووە، یەکەم نەبوونی ھێزی پێشمەرگەیە لەو ناوچانە و دووەمیش بێھێزی و لاوازیی ھێزە عێراقییەکانە، بۆیە کە دەبینن لە عێراق کێشەی سیاسی ھەیە و ھێزەکانیان بێتوانان و نایەنە سەر خەت بۆ ئەوەی کێشەی ئەمنیی ئەو ناوچانە چارەسەر بکەن، داعش جارێکی دیکە بەھێز بووەتەوە، لەبەر ئەوە پێویستە حکوومەتی عێراق بێدەنگ نەبێت و بە جیددی بێتە سەر خەت و ھەماھەنگی لەگەڵ ھێزی پێشمەرگە بکات و چیتر رێگە نەدرێت داعش بەھێزتر بێت، بۆ ئەوەی رێگری لەو ھێرشانەی تیرۆریستان بکرێت، ئەگەرنا دەبنەوە مەترسیی جیددی بۆ سەر عێراق بە شێوەیەکی گشتی و دۆخەکە تێکدەچێت.

 

ئەلحوێت گوتیشی: "داواکارین لە ھاوپەیمانان کە حکوومەتی عێراق نایەتە سەر خەت، ئەوان بێنە سەر هێڵ و ئەو کێشەیە بەپەلە چارەسەر بکەن، چونکە داعش بووەتە مەترسی و ھەڕەشەیەکی جیددی بۆ سەر ناوچە کوردستانییەکان و پێویستە نەتەوە یەکگرتووەکانیش فشار لە حکوومەتی عێراق بکەن، بۆ ئەوەی لەگەڵ ھەرێم بگەنە رێککەوتن و ئەو ناوچانە بە ھاوبەشی بپارێزن".

 

ناوبراو ڕوونیشی کردەوە، دۆخەکە مەترسیدارە و ژمارەی چەکدارانی داعش رۆژ بە رۆژ لە زیادبووندایە، ئێستاش زیاتر لە ٥ هەزار چەکداریان لە ناوچە کوردستانییەکان ھەیە، بۆیە گرنگە ئەو پرسە بەھەند وەربگیرێت و کێشەکە بە زوویی چارە بکرێت.

 

بڵند ئیبراھیم 

 

 

هەواڵی پەیوەندیدار