٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگریی عێراق رێککەوتن

سەرچاوە: KDP.info

بەغدا-KDP.info- نوێنەری ھەردوو وەزارەتی پێشمەرگە و ناوخۆی حکوومەتی ھەرێم لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنی ھاوبەشی عێراق رایگەیاند، ھەردوو وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگریی عێراق، رێککەوتن کە بەپەلە ھەرچی پێویستە بۆ چارەکردنی کێشەی ئەمنیی ناوچە کوردستانییەکان ئەنجام بدرێت، تا ھێزی ھاوبەش لەو ناوچانە جێگیر دەکرێن.

لیوا عەبدولخالق تەڵعەت، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، ھەردوو وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگریی عێراق کۆبوونەوەیەکیان لەبارەی دۆخی ئەمنیی ناوچە کوردستانییەکان و ھێرشەکانی ئەم دواییەی تیرۆریستانی داعش ئەنجام دا و رێککەوتن کە بەپەلە ھەرچی پێویستە بۆ ئەو ناوچانە بکرێت و هەردوولا ئۆپەراسیۆنی ھاوبەش بۆ نەھێشتنی داعش لەو ناوچانە ئەنجام بدەن، بە تایبەت ئەو ناوچانەی کە بۆشایی ئەمنییان ھەیە، چونکە زیاتر جموجۆڵی داعش لەو ناوچانە ھەیە.

نوێنەری ھەردوو وەزارەتی پێشمەرگە و ناوخۆی حکوومەتی ھەرێم لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنی ھاوبەشی عێراق گوتیشی، بڕیار درا ھەرچی پێویستە بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش لە سنووری دیالە و کەرکووک وەکو قۆناغی یەکەم بکرێت، بە تایبەت ئۆپەراسیۆنی ھاوبەش بۆ کێوماڵکردنی ناوچەکە، بۆیە ھەموو کارێک دەکرێت بۆ ئەوەی رێگری لە ھێرشەکانی داعش بۆ سەر ئەو ناوچانە بکرێت، چونکە ماوەیەکە ھێرشەکان و جموجۆڵی داعش زیادیان کردووە.

تەڵعەت باسی لەوەش کرد، ئەو کارە بەپەلانە دەکرێن تاوەکو ھێزی ھاوبەش لەو ناوچانە جێگیر دەکرێن، ئەوکات ھێزی ھاوبەش ئەو ناوچانە دەپارێزن، بەڵام بۆ ئێستا ئەو رێککەوتنە کرا، تاوەکو چیتر داعش نەتوانێ ھێرش بکات و رێگری لێ بکرێت.

 

 

بڵند ئیبراھیم 

 

هەواڵی پەیوەندیدار