کۆنتڕۆڵی دەرمان بۆ KDP: ٦٦ کۆمپانیای دەرمان سزا دراون

هەولێر-KDP.info- پڕۆسەی چاکسازی لە کەرتی دەرمان بەردەوامە و بەڕێوەبەری کۆنتڕۆڵی دەرمانیش دەڵێ، بە ئامار و داتا چاکسازییەکان بۆ خەڵکی کوردستان ئاشکرا دەکەین و رۆژانە ھەنگاو بۆ پاکسازی و چاکسازی لە کەرتی دەرمان دەنێین.
د. شێروان عەلی، بەڕێوەبەری کۆنتڕۆڵی دەرمان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "لە دوای دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، پڕۆسەی چاکسازی لە کەرتی دەرمان دەستی پێکردووە و ھەنگاوی زۆر باش نراون لە رێکخستنەوەی کەرتی دەرمان، بە تایبەتی ھێنانی دەرمان لە دەرەوە رێکخراوەتەوە و رێگە نادرێت بە ھیچ شێوەیەک دەرمانی کوالێتی خراپ بێتە ناو ھەرێمی کوردستان، رۆژانەش بە تۆن دەرمان لەناو دەبرێت و لێپچینەوە لە کۆگا و دەرمانخانەکان دەکرێت".
بەڕێوەبەری کۆنتڕۆڵی دەرمان گوتیشی: "لە چوارچێوەی ھەوڵەکانمان بۆ کۆنتڕۆڵکردنی رەوشی دەرمان، ٦٦ کۆمپانیای دەرمان سزا دراون، لەوانەش ٥٣ کۆمپانیا داخراون و سزای پێبژاردنیان بۆ کراوە بە ھۆی فرۆشتنی دەرمان بە شوێنی نایاسایی و سەرچێکردن، ھەروەھا ١٣ کۆمپانیا سزای پێبژاردنیان بۆ کراوە، ٢٨ کۆگای دەرمانیش سزا دراون به ھۆی سەرپێچیەوە، لەسەر سکاڵای ھاووڵاتیانیش ١٤ دەرمانخانە سزا دراون، کە دەرمانیان بە نرخی گران فرۆشتووە، لەگەڵ ھەبوونی دەرمانی نا یاسایی".
د. شێروان ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: "چاکسازییەکەی دەرمان گەیشتووەتە ئاستێک رێگە نادەین ھیچ فەرمانبەرێکی بەڕێوەبەرایەتیی کوالێتی دەرمان لە کەرتی دەرمان کار بکات و داھاتی دەرمان لە ٣٥٠ ملیۆن دینارەوە بەرز کراوەتەوە بۆ دوو ملیار دیناری مانگانە، ئەمەیش ھەنگاوی زۆر پێویستن بۆ ئەوەی بتوانین رێگر بین لە گەندەڵیی نێو کەرتی دەرمان".
قائید میرۆ




