٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

کارەکانی دروستکردنی شەقامی ١٥٠ مەتری بەخێرایی بەڕێوە دەچێت

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر -KDP.info- سەرپەرشتیاری شەقامی ١٥٠ مەتریی ھەولێر گوتی، دروستکردنی شەقامی ١٥٠ مەتری زۆر بەخێرایی بەڕێوە دەچێت و ئێستا ٣٢%ی قۆناغی دووەم تەواو بووە و ئامادەکاری بۆ قۆناغی سێیەم دەکرێت کە دیزاینی تەواو بووە و تەنھا ماوە گرێبەست بکرێت و دەست پێ بکرێت.

سەرپەرشتیاری شەقامی ١٥٠ مەتریی ھەولێر، کەیفی فارس، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''کارکردن لە قۆناغی دووەمی شەقامی ١٥٠ مەتریی ھەولێر بەردەوامە و ئێستا کارەکان زۆر باش بەڕێوە دەچن و بەردەوامیش کاری تێدا دەکەن و شەقامە سەرەکییەکان ھەردووکی قیرتاو کراون و گەیشتووەتە نزیک کەسنەزان و پارچە پارچەی جادە خەدەمیەکانیش قێرتاو کراون و ھەیکەلی دوو یوتێرنی سووڕانەوە کە پردی سووڕانەوەیە تەواو بووە، بۆیە کارەکان زۆر باش دەڕوات.''

کەیفی فارس گوتیشی: ''ئەو ماوەیەی بۆمان دیاری کراوە تا کۆتاییی ساڵی داھاتووە، بەڵام ھەر ئێستا ٣٢%ی تەواو بووە و زووتر تەواوی دەکەین.''

فارس ڕوونیشی کردەوە: ''کارەکان زۆر خێرا دەڕۆن کە قۆناغی دووەم ٧،٧ کم دەبێت لە جادەی شەقڵاوە دەست پێ دەکات تا زیاتر لە یەک کم لە جادەی کەسنەزانیش تێپەڕ دەکات تا ناوچەی قەرەبوو کە لەوێش پردێک ھەیە و کۆتاییی پێ دێت و تەواوکەری بەشی دووەمە.''

گوتیشی: ئێستا دیزاینی قۆناغی ھەولێر بۆ دھۆکیش تەواو بووە و تەنھا ماوە گرێبەست بکرێت و لەگەڵ قۆناغی دووەم دەست پێ دەکرێت، کە لە جادەی کۆنی بەحرکە تا جادەی دھۆک دەچێت و دەست پێ دەکات کە ئەویش زیاتر لە شەش کم دەبێت.

بڵند ئیبراھیم


 

هەواڵی پەیوەندیدار