"ئۆتۆمبێلە بێسەرەتاکان بەناو دەکرێن"

هەولێر -KDP.info- بڕیارە ئۆتۆمبێلە بێسەرەتاکان لەلایەن وەزارەتی ناوخۆوە بەناو بکرێن و گوتەبێژی هاتوچۆی هەرێمیش دەڵێت، بابەتی تۆمارکردنی ئۆتۆمبێلە بێسەرەتاکان لەژێر دیراسەتدایە.
عەمید ئەسعەد کەریم، گوتەبێژی هاتوچۆی هەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 19 هەزار ئۆتۆمبێلی بێسەرەتا تۆمار کراون بۆ ئەوەی لەبارەی ئەو ئۆتۆمبێلانەوە زانیاری لای حکوومەت هەبێت، بەڵام ژمارەکە زۆر لەوە زیاترە و لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی هاتوچۆ تۆمار نەکراون.''
گوتەبێژی هاتوچۆ دەڵێت: "حکوومەتی عێراق لە چەند ڕۆژی ڕابردوو بڕیاری داوە ئۆتۆمبێلە بێسەرەتاکان بەناو بکرێن، لەبەر ئەوە لە هەرێمی کوردستانیش بەناو دەکرێن.''
عەمید ئەسعەد کەریم ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "ئێستا وەزارەتی ناوخۆ خەریکی پێداچوونەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ئەو ئۆتۆمبێلانەیە کە بێسەرەتان و هێشتا وردکارییەکان دیار نین کە چۆن بەناو دەکرێن، بەڵام لەبەر ئەوەی ئێمە و عێراق هەماهەنگیمان هەیە، دەبێت هەر بەناو بکرێن.''
قائید میرۆ




