٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

"پارێزگای ھەولێر لە دەرکردنی کارتی نیشتمانی لە پلەی یەکەمە"

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر -KDP.info- لەسەر ئاستی عێراق پارێزگای ھەولێر لە دەرکردنی کارتی نیشتمانی لە پلەی یەکەمدایە و بەڕێوەبەری ڕەگەزنامە و باری شارستانیی ھەولێریش دەڵێت، تا نیوەی ساڵی داھاتوو، ھەموو ھاووڵاتییەکی پارێزگای ھەولێر دەبێتە خاوەنی کارتی نیشتمانی.

عەمید شوان عارەب، بەڕێوەبەری ڕەگەزنامە و باری شارستانیی ھەولێر، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "تا ئێستا ٦٠٠ ھەزار کارتی نیشتمانی لە پارێزگای هەولێر دەرکراوە و پلانی وەزارەتی ناوخۆ و بەڕێوەبەرایەتیی ڕەگەزنامە ئەوەیە تا نیوەی ساڵی دادێ ھەموو ھاووڵاتییانی سنووری پارێزگای ھەولێر ببنە خاوەنی کارتی نیشتمانیی تایبەت بە خۆیان، داوا لە ھاووڵاتییانی سنووری ھەولێریش دەکەین، سەردانی فەرمانگەکانی دەرکردنی کارتی نیشتمانی بکەن بۆ ئەوەی بە زووترین کات ببنە خاوەنی کارتی نیشتمانی.''

بەڕێوەبەری ڕەگەزنامەی ھەولێر دەڵێت: "ئێمە ھەندێ فەرمانگەمان ھەیە ڕێژەی دەرکردنی کارتی نیشتمانی گەیشتووەتە ٩٠%، لەوانەش فەرمانگەی ھەریر و فەرمانگەی شەقڵاوە و عەنکاوە و زۆر شوێنی دیکەش، ئێمە لە تواناماندایە ڕۆژانە چوار ھەزار مامەڵەی کارتی نیشتمانی بەڕێوە ببەین''.

عەمید شوان عارەب ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "پارێزگای ھەولێر لەسەر ئاستی عێراق بە پلەی یەکەم دێت بۆ دەرکردنی کارتی نیشتمانی، چونکە لای فەرمانگەکانی ئێمە تەنیا لە ١٠ خۆلەکدا مامەڵەی کارتی نیشتمانی بەڕێوە دەچێت و بەو ھۆیەوە ئێمە یەکەمین لەسەر ئاستی عێراق، ئەگەر ڕەوشی کۆرۆنا ڕێگر نەبووایە تا کۆتاییی ئەمساڵ ھەموو ھاووڵاتییەک دەبووە خاوەنی کارتی نیشتمانی.''

 

قائید میرۆ


 

هەواڵی پەیوەندیدار