"لە سێناتی فەڕەنسا پرێسکۆنفرانسێک لەسەر رەوشی ئێزدیان ساز دەکرێت"

نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرەنسا ڕایگەیاند، بە ھاورێیەتیی میر حازم تەحسین، میری ئێزدییەکان و بابا شێخ، سەرۆکی ڕۆحانیی ئایینی ئێزدی و شاندی یاوەریان، سەردانی ئەنجومەنی پیرانی فەرەنسایان کردووە و لەلایەن سێناتور ڕێمێ فێرود و سێناتور ڤالێری بواییێوە پێشوازییان لێ کراوە.
عەلی دۆڵەمەڕی ڕایگەیاند: لە کوبوونەوەیەکدا باسی ڕەوشی ئێزدییەکان لە ھەرێمی کوردستان و فەرەنسا کرا.
ئەوەشی گوت: ''سێناتور ڤالێری بوایێ سوپاسی شاندەکەی کرد و ھاوکاریی خویانی دووپات کردەوە بۆیان و گوتی لە ئایندەیەکی نزیکدا سەردانی ھەرێمی کوردستان دەکەن و پاشان کونفرانسێک لە سێناتی فەرەنسا لەسەر ڕەوشی ئێزدییەکان ساز دەکەن.''
هاوکات، سعوود مستۆ، ڕاوێژکاری ئەنجومەنی ڕۆحانیی ئێزدییان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''فەرەنسا وڵاتێکی گرنگە و پشتیوانیی هەرێمی کوردستان و کەیسی ئێزدییان دەکات.''
گوتیشی: ''ئەو سەردانەی میر و بابەشێخی ئێزدییان پشتیوانییەکی گەورەیە بۆ بەنێودەوڵەتیکردنی کەیسی ئێزدییان و چارەسەری ڕەوشی شنگال.''
ئاماژەیش دا کە فەرەنسا پشتیوانی چارەسەریی سیاسییە بۆ پرسی شنگال و گەڕانەوەی ئاوارەکان بە گرەنتییەکی نێودەوڵەتییەوە.
کاروان باعەدری




