مەکتەبی سیاسی پارتی سەرەخۆشی لە خانەوادەی پیر خدر سلێمان دەكات

هەولێر-KDP.info- مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان، سەرەخۆشی لە خانەوادەی كەسایەتی تێكۆشەری ئێزیدیان و نووسەر و لێكۆڵەر (پیر خدر پیر سلێمان) دەکات.
پرسەنامەی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان، بۆ كۆچی دوایی نووسەر و لێكۆڵەر (پیر خدر سلێمان)
بەڕێزان/ خانەوادەی كەسایەتی نیشتیمانپەروەر و نووسەر و لێكۆڵەر (پیر خدر سلێمان)
بەداخ و پەژارەیەكی زۆرەوە هەواڵی كۆچی دوایی كەسایەتی تێكۆشەری ئێزیدیان و نووسەر و لێكۆڵەر (پیر خدر پیر سلێمان)مان پێگەیشت، بەو بۆنە خەمناكەوە پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی ئێوەی بەڕێز و كەسوكار و ئاشنایانی خوالێخۆشبوو و نووسەران و ئەندامانی بنكەی رۆشنبیریی لالش و، سەرجەم خوشک و برایانی کوردی ئێزدی دەكەین و، خۆمان بە هاوبەش و شەریكی خەمتان دەزانین.
خوالێخۆشبوو(پیر خدر سلێمان ) كەسایەتییەكی دیار و ناسراوی کوردی ئێزدی و کوردستان و نووسەر و لێكۆڵەر و شارەزای زمان و ئەدەبی کوردی بوو و، لە بواری نووسین و رۆشنبیریدا، بۆماوەی چەندین ساڵ سەرۆكی یەكێتی نووسەران لقی دهۆك و ئەندامی دامەزرێنەر و سەرۆکی بنکەی رۆشنبیری لالش و، خاوەن هەڵوێستی نەتەوەیی و نیشتیمانیی بووە لە داكۆكیكردن لە مافی گەلی كوردستان بەگشتی و خوشک و برایانی کوردی ئێزدی بەتایبەتی..
دووبارە هاوخەمیی و پرسە و سەرەخۆشی خۆمان دووپات دەكەینەوە و ئومێدەوارین لە خەم و ئازار و كۆستی دیكە بە دوور بن و جێگای كۆچكردوویش بەهەشتی بەرین بێت...
مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان
١٦ـی١١ـی٢٠٢١




