٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

"حکوومەت پێنج ھەزار تۆن بنەتۆ بەسەر جووتیاراندا دابەش دەکات"

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر -KDP.info- حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەڕێگەی وەزارەتی کشتۆکاڵەوە بنەتۆ بەسەر جووتیاراندا دابەش دەکات و گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵیش دەڵێت، ئەو بنەتۆیەی دابەش دەکرێت نرخەکەی پاڵپشتی کراوە و ھەموویشی دەرمانڕێژ کراوە.

حسێن حەمە کەریم، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "وەزارەت بۆ ئەوەی پاڵپشتیی جووتیاران بکات پێنج ھەزار تۆن بنەتۆ بەسەر جووتیاراندا دابەش دەکات و ئەو بنەتۆیەی حکوومەت دابەشی دەکات نرخەکەی پاڵپشتی کراوە، واتە نرخەکەی لە بازاڕ کەمترە و بۆ ھەر تۆنێک ٥٣٠ ھەزار دینار وەردەگیرێت، بەڵام لە بازاڕ نرخی یەک تۆنی زیاترە لە ٦٠٠ ھەزار دینار.''

بەشدار ئەسعەد، جووتیارێکی ھەولێرە، لەبارەی دابەشکردنی بنەتۆ بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "ئەو بنەتۆیەی لەلایەن وەزارەتەوە دابەش دەکرێت، لەڕووی کوالێتییەوە ئەوەندە باش نییە، زیاتر گەنمێکی تێکەڵە دراوەتە جووتیاران، ھەروەھا لەڕووی کەمییەوە بڕەکەی زۆر کەمە و تەنیا دەدرێتە ئەو جووتیارانەی ئامێری ئاوپڕژێنیان ھەیە، داوا دەکەین ھەموو جووتیاران بگرێتەوە و نرخەکەشی ھەرزانتر بێت.''

حسێن حەمە کەریم ڕوونی کردەوە: "ڕاستە بڕەکەی دیاریکراوە، بەڵام لەڕووی کوالێتییەوە ھیچ کێشە لە بنەتۆی دابەشکراودا نییە، چونکە پاک کراوەتەوە و دەرمانی تێکەڵ کراوە بۆ ئەوەی سوودی ھەبێت بۆ جووتیاران، مەبەست لە دابەشکردنی بنەتۆ بۆ پاڵپشتیی جووتیارانە، چونکە نرخەکەی زۆر جیاوازە لەگەل بازاڕ.''

قائید میرۆ

 

هەواڵی پەیوەندیدار