زیاتر لە ٩٠٠ چەکداری پەکەکە چوونەتە ناو ڕیزی پێشمەرگە

شنگال-KDP.info - فەرماندەی ھێزی پێشمەرگەی شنگال گوتی، لە درێژەی ھاتنی چەکدارانی پەکەکە بۆ ناو ڕیزەکانی پێشمەرگە، ژمارەیان گەیشتە ٩٠٠ چەکدار و ئەگەر ئێمە ڕێگەیان پێ بدەین زیاتریش پەیوەندیمان پێوە دەکەن، چونکە تەواو لە پەکەکە بێئومێد بوون.
قاسم شەشۆ، فەرماندەی ھێزی پێشمەرگەی شنگال، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''ھاتنی چەکدارانی پەکەکە بۆ ناو ڕیزەکانی پێشمەرگە زۆر زیادی کردووە و ئەوەی دێت ئێمە ناونووسیان دەکەین و ڕەوانەی ھەرێمی کوردستانیان دەکەین و تا ئێستا زیاتر لە٩٠٠ چەکدار ھاتوون و ئێمەش سەرجەمیانمان ناونووس کردووە.''
قاسم شەشۆ گوتیشی: ''ئێمە جارێ ڕامانگرتووە، ئەگەرنا بەلێشاو پەیوەندیمان پێوە دەکەن، ئەوەش بۆ چەند فاکتەرێک دەگەڕێتەوە.''
شەشۆ زیاتر گوتی: ''پەکەکە ئێستا ھاوکاریی داراییان ناکات و تەعدایان لێ دەکات و بەزۆر دەیانبات بۆ سووریا و شەڕیان پێ دەکات و بەکوشتیان دەدات و مەترسیی بۆردوومانیشیان بەردەوام لەسەرە، بۆیە نایانەوێت ژیانی خۆیان بخەنە مەترسییەوە و دەزانن چارەنووسیان لەگەڵ پەکەکە نادیارە و بێئومێد بوون، بۆیە دێن دەبنە پێشمەرگە و دەزانن پاشەڕۆژێکی گەشیان دەبێت.''
بڵند ئیبراھیم




