ڕۆژبەیانی: مەترسیی داعش بۆ سەر ناوچە کوردستانییەکان زیاد بووە

مەترسیی زیادبوونی جووڵەی داعش بۆ سەر ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی حکوومەتی ھەرێم زیاتر بووە و سەرۆکی لیژنەی ناوچە کوردستانییەکانیش دەڵێت، جێگیرکردنی ھێزی ھاوبەش کاریگەریی دەبێت.
جوان ڕۆژبەیانی، سەرۆکی لیژنەی ناوچە کوردستانییەکان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "بەھێزبوونەوەی داعش و ھێرشەکانی ڕۆژانی ڕابردوو، مەترسیی زیاتری بۆ سەر ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پەیدا کردووە و بەھۆی ھەبوونی ھێزی جیاواز و بەڕێوەبردنی هەڵەی ئەو ناوچانەوە، ڕەوشەکە ئاسایی نەبووە، کەچی داعشیش دەستی بە جووڵەی زیاتر کردووە و ھەڕەشەی زیاتر ھەیە.''
سەرۆکی لیژنەی ناوچە کوردستانییەکان دەشڵێت: "بەھێزبوونەوەی داعش لە ناوچە کوردستانییەکان پەیوەستە بە بێپلانیی ھێزە عێراقییەکان و لاوازیی ئەو ھێزانەوە، چونکە نەیانتوانیوە ڕەوشی ئەمنی کۆنتڕۆڵ بکەن و سوپا و ھێزەکانی دیکە لاوازن بەرامبەر بە تیرۆریستانی داعش.''
جوان ڕۆژبەیانی ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: "جێگیرکردنی دوو لیوای ھاوبەش لەو ناوچانە کاریگەریی خۆی دەبێت لەسەر ڕەوشەکە، بەڵام ئەگەر بە یەکجاری ڕەوشەکە ئاسایی نەکرێتەوە مەترسی ھەر دەمێنێت، بەتایبەتی پێشتر بڕیار بوو ڕێککەوتن لە نێوان ھەولێر و بەغدا بۆ ئاساییکردنەوەی ڕەوشی ناوچە کوردستانییەکان بکرێت، بەداخەوە ھەندێ لایەن ڕێگرن لە جێبەجێکردنی ئەو ڕێککەوتنانە، ھەروەک ڕێگری و ئاستەنگ بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی شنگال دەکرێت.''
قائید میرۆ




