ئامانج لە جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی پەیڕەوکردنی دادپەروەرییە
_(7)__2021_11_07_h15m27s58__ER.jpg)
ھەولێر -KDP.info- ڕاوێژکاری ئابووریی پەرلەمانی کوردستان گوتی، جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی لە قۆناغی کۆتاییدایە و ئامانج لە جێبەجێکردنی ئەو یاسایە پەیڕەوکردنی دادپەروەرییە، بۆ ئەوەی ھەر کەسێک مافی خۆی وەربگرێت و غەدر لە کەس نەکرێت.
د. ئەرشەد تەھا، ڕاوێژکاری ئابووریی پەرلەمانی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''حکوومەت کە باسی یاسای چاکسازیی کرد، پێداچوونەوە بە دۆسیەی فەرمانبەراندا کراوە و ئەوانەی لە وەزارەتی پێشمەرگە کێشەی خانەنشینییان نەبووە گوازراونەتەوە بۆ وەزارەتی دارایی و دوومووچەیی بە یەکجاری ڕاگیراوە و لە ١/٧/٢٠٢٠ـوە هەرکەسێک دوو مووچەی وەرگرتبێت لێی وەردەگیرێتەوە و کێشەی پلەباڵاکان چارەسەر کراوە، پێداچوونەوە بە دۆسیەی فەرمانبەرانیشدا کراوە و ئێستا پرۆسەکە لە قۆناغی کۆتاییدایە.''
دکتۆر ئەرشەد تەھا گوتیشی: ''ئەوەی کراوە ھەنگاوێکی زۆر گرنگە، بەتایبەت بۆ مووچەخۆرەکان، ئەمە وا دەکات دادپەروەرییەکی باش ھەبێت، گلەییی ئەوە ھەبوو کە خەڵکێک لە داھاتی گشتی سوودمەند دەبن و خەڵکێکیش حەقیان پێ نادرێت، بەڵام لەمەودوا تەنھا مافی خۆی وەردەگرێت و مووچەخۆر و خانەنشین بەپێی خزمەت مووچە وەردەگرن و پلەباڵاکانیش کە موستەحەق نەبن، مووچەیان ڕادەگیرێت و ئەوانەی وەزارەتی پێشمەرگەش دەگەڕێنەوە سەر ئاستی خۆیان، بۆیە دادپەروەریی زۆر باشی تێدایە و ھەرکەسە و مافی خۆی وەردەگرێت.''
تەھا باسی لەوەش کرد: ''تا ئێستا مووچەی ١٤ ھەزار کەس ڕاگیراوە و ئامانجی سەرەکی لە یاسای چاکسازی گەڕانەوەی داھات نییە، بەڵکوو دابینکردنی دادپەروەرییە لە نێوان چین و توێژەکاندا بۆ ئەوەی کەس گلەیی نەمێنێت لەوەی خەڵکێک بە پلەباڵا خانەنشین بووە و پلەی زیاتری پێ دراوە و خەڵکی دیکەش غەدری لێ کراوە، بۆیە دادپەروەری گرنگە و دوای پێداچوونەوە بە تەواوی دۆسیەکاندا دیار دەبێت کە چەند داھات بۆ حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گەڕاوەتەوە.''
بڵند ئیبراھیم




