شارەوانیی ھەولێر: پڕۆژەی خزمەتگوزاری دەگەیەنینە ھەموو گەڕەکەکانی ھەولێر

ھەولێر -KDP.info- بەڕێوەبەری شارەوانیی ھەولێر گوتی، ھەفتەی جارێک کۆمەڵێک پڕۆژە ڕادەگەیەنین و پڕۆژە لە ھەموو گەڕەکەکانی ھەولێر جێبەجێ دەکەین و ئەوانەی پێشتر خزمەتگوزارییان بۆ نەچووە، ئەمساڵ بۆیان قەرەبوو دەکەینەوە و لە ڕووی پاکوخاوێنیشەوە کار دەکەین، ھەولێر وەکوو پاکترین شار لە ھەموو عێراق بمێنێتەوە.
عەبدولواحید ئەحمەد، بەڕێوەبەری شارەوانیی ھەولێر، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''پڕۆژەکانی ئێمە بە سێ ڕێگادا پارەیان بۆ تەرخان دەکرێت؛ یەکەم، لە ڕێگەی ١٥% داھاتی شارەوانی و دووەم لەڕێگەی فرۆشتنی زەویی ڕوکن و نایاب و سێیەم، لەسەر بودجەی پارێزگای ھەولێر، بۆیە ئەمساڵ بە دەیان پڕۆژەمان جێبەجێ کردووە، جا پڕۆژەی ئاوەڕۆ بێت، یان ڕێگا، یاخود سەبکردن، ئەوەی پێویستە بۆ گەڕەکەکانی ھەولێر، بۆیە ھەر ١٠ ڕۆژ جارێک کۆمەڵێک پڕۆژە جێبەجێ دەکەین، پرۆژەکان بچووک و مامناوەندین و، پرۆژەی ستراتیژییشمان ھەیە، لەوانە قۆناغی دووەمی ١٥٠ مەتریی ھەولێر کە کاری باشی تێدا کراوە.''
عەبولواحید ئەحمەد باسی لەوەش کرد: ''ئەو گەڕەکانەی پێویستیان بە خزمەتگوزاریی شارەوانی ھەیە، ئێمە بە یەک چاو سەیری ھەموویان دەکەین و زیاتر بایەخ بە باشووری ھەولێر دەدەین و، لەڕێگەی شارەوانییەکانیشەوە خزمەتگوزاری پێشکەشی ناوچەکانی دیکە دەکەین، بۆ ئەوەی ئەوانەی کەمتر خزمەتگوزارییان پێ گەیشتووە، ئەمساڵ قەرەبوو بکرێنەوە، ئەو گەڕەکانەش بریتین لە نازماوە و میرزا ئەحمەد و سێبەردان و گرجووتیار و گەڕەکەکانی دیکە، بۆیە ھەرشوێنێک پێویستی بە پڕۆژە ھەبێت پەیتا پەیتا کۆمەڵێک پڕۆژە ڕادەگەیەنین و جێبەجێی دەکەین.''
ئەحمەد باسی لەوەش کرد: دەرخستە بۆ ھەموو گەڕەکان ئامادە کراوە بۆ ئەوەی خزمەتگوزارییان بۆ ببردرێت، بەڵام پێویستی بە چەند ڕێکارێک ھەیە .
گوتیشی: لە ڕووی خاوێنییەوە تا ڕادەیەکی زۆر باش لەڕێگەی شارەوانییەوە بەدواداچوونی کۆمپانیاکانمان کردووە کە شەش کۆمپانیان، ھەر کۆمپانیایەک زۆنێکی وەرگرتووە، کارێکی باش دەکەن، بەڵام دەمانەوێت باشتر بن و جاری وا ھەیە سزاش دراون، بۆ ئەوەی کارەکان چڕتر بکەنەوە، تاکوو ھەولێر وا پێشان بدەین کە پاکترین شارە وەکوو ساڵانی پێشوو، کە ڕۆژانە ٢ ھەزار و٢٥٠ تۆن زبڵ و خاشاک فرێ دەدرێتە کانی قرژاڵە و لەوێ بە شێوەیەکی تەندروست بن خۆل دەکرێت.''
ئەمەش لە کاتێکدایە لە بەردەوامیی جێبەجێکردنی پڕۆژەی خزمەتگوزاریی وەزارەتی شارەوانیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ٧٦٣ ملیۆن دیناری دیکەی بۆ تەرخان کراوە.
بڵند ئیبراھیم




