فازڵ میرانی: پارتی دەستپێشخەرییەكی هەیە

هەولێر-KDP.info- سكرتێری مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند: "دەستپێشخەرییەكی پارتیمان هەیە، سوپاسی هەموو لایەكان دەكەین، هەموویان پێشوازیی چاكیان لێ كرد و دەستخۆشییان لێ كردین". دەشڵێت: "دوای ئەوەی سەردانەكان تەواو بوون، سەرۆكی هەرێمی كوردستان كۆبوونەوەیەك بە لایەنە سیاسییەكان و پێكهاتەكان دەكات".
فازڵ میرانی، سكرتێری مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان و سەرۆكی شاندی پارتی بۆ لای لایەنە سیاسییەكان، لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: "سەردانەكانمان باشن، پڕۆژەمان پێ نییە، بەڵام دەستپێشخەرییەكی پارتیمان هەیە، سوپاسی هەموو لایەكان دەكەین، هەموویان پێشوازیی چاكیان لێ كرد و دەستخۆشییان لێ كردین، ئێمەش بیروڕاكانیان بەهەند وەردەگرین".
میرانی گوتیشی: "پێكهاتەكان گلەییان لە هەرێم و پارتی هەبێت، بە سینگێكی فراوان تێبینییەكانیان وەردەگرین و، دەیانگوازینەوە بۆ لای جەنابی سەرۆك و سەركردایەتیی خۆمان."
سكرتێری مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان زیاتر گوتی: "دوای ئەوەی سەردانەكان تەواو بوون، كاك نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، كۆبوونەوەیەك بە لایەنە سیاسییەكان و پێكهاتەكان دەكات و، دواتر خۆی ئاگاداری حیزبەكان و پێكهاتەكان دەكاتەوە بۆ كاتی كۆبوونەوەكە".
فازڵ میرانی، دەشڵێت: "دەستمان بە كارەكە كردووە و بە جددیش چاودێریی بەغدا دەكەینەوە و پاشان زۆر پێویستە ئێمە و برادەرانی یەكێتی كۆبوونەوەی تر بكەین، دوای ئەو سەردانەكەی كە ئێمە كردمان ئەوانیش ژمارەیەك سەردان دەكەن لەگەڵ حیزبەكان، كارێكە هەموومان دەبێت پێكەوە بیكەین و یەك لایەن ڕەنگە پێی نەكرێت، ئەگەر پێشی بكرێت ڕەنگە ئەنجامەكانی بەدی نەیەت".
سەبارەت بە ڕەتكردنەوەی ئەو یەكدەنگی و یەكڕیزییەی پارتی هەوڵی بۆ دەدات، ئایا هیچ لایەنێك ڕەتی كردووەتەوە؟ میرانی لە وەڵامدا گوتی: "بە ئێمە نەگوتراوە، ئەگەر لە پشت پەردە شتێك گوترابێت، جارێ هەموومان قسەیەك دەكەین و دواتر دێینەوە ئەو قسەیە چاك دەكەینەوە و هەڵوێستە ڕاستەكە دەگرینە بەر."
ئەمڕۆ شاندێكی پارتی دیموكراتی كوردستان سەردانی ژمارەیەك لە لایەنە توركمانەكانی هەرێمی كوردستان دەكات بۆ گفتوگۆ دەربارەی ڕەوشی دوای ھەڵبژاردن و یەكڕیزیی كورد لە بەغدا.
نەشوان بەرزنجی




