سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ مستەفا كازمی لەسەر خەتە بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی كهركووك

كەركووك-KDP.info- لە لایەن هێزە عێراقییەكانەوە 70 گەنجی كورد لە کەرکووک بە بیانووی سەپاندنی یاسا دەستگیر کران، بەرپرسێكی باڵای پارتیش دەڵێ، تاكو میلیشیاکان لە كەركووك بن، شار ئارام نابێت. دەشڵێ، سەرۆكی هەرێمی كوردستان نێچیرڤان بارزانی لەسەر هێڵە بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخەكە، كێشەكەش لەسەر بابەتێكی زۆر ئاسایی گەورە كراوە.
دیاری حوسێن، جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی كەركووك – گەرمیانی پارتی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "ڕێنماییمان داوە بە لقی 3 و كادیرەكانمان گردبوونەوە و ئاهەنگەكان ڕابگرن و هەوڵ بدەن بەشێك نەبن لە كێشە، جەنابی سەرۆكی هەرێمی كوردستان كاك نێچیرڤان بارزانی، داوای لە مستەفا كازمی كردووە دۆخی كەركووك ئاسایی بكرێتەوە و ئەو گەنجە كوردانەی دەستگیر كراون، بەپەلە ئازاد بكرێن و كێشەكان چارەسەر بکرێن".
حوسێن گوتیشی: "خەڵكانێك هەن دەیانەوێت كێشە دروست بكەن، ئەو هێزانەی زۆریان لە كەركووكن گوێڕایەڵی حكوومەت نین و میلشیان، چۆن هەڕەشەی گوێچكەبڕینیان لە سەرۆكوەزیران دەكرد، بەتەكید دەتوانن كێشە بۆ خەڵكی كەركووك دروست بكەن، تاكو ئەو هێزانە لە ناو كەركووك بن، كەركووك ئارام نابێت".
"كێشەكە لەسەر بابەتێكی زۆر سادە و ساكار دروست بووە، كابرایەكی شۆڤێنی لە نزیك قەرەباڵغییەكی ئێمەوە قسەی وتووە سەری گەنجێكی ئێمەی شكاندووە، لەوێوە كێشەكە گەورە بووە، نەوەك كادر یان پێشمەرگەی ئێمە پەلاماری هێزی عێراقی دابێت، تاكو ئێستا 70 گەنج لەلایەن هێزە عێراقییەكانەوە دەستگیر کراون، هێزێكی زۆر بڵاوەی پێكراوە بێشومار سەیتەرەیان داناوە". دیاری حوسێن وای گوت.
بەرپرسەكەی پارتی دەڵێ: "پارتی دوو كورسیی پەرلەمانی هەبووە لەم هەڵبژاردنەدا دوو كورسییەكەی خۆمان بردووەتەوە، پارتی لەگەڵ نائارامیی شار نییە، كێ ناڕازییە فەرموو ئەوە یاسا و كۆمسیۆن هەیە با سكاڵای خۆی تۆمار بكات نەك ئاژاوە بنێتەوە، ئێمە لە ماوەی بانگەشەی هەڵبژاردندا زۆر بە ئارامی كەمپینی هەڵبژاردنمان بەڕێوە برد لەسەر ڕێنمایی سەرۆك بارزانی، تاكو هیچ گرژییەك دروست نەبێت".
ئاماژەشی دا: "خەڵكانێك خاوەنی لیستی هەڵبژاردن بوون لە پارێزگا عەرەبییەكان شكستیان هێناوە لە هەڵبژاردن، هاتوون لە كەركووك ئاژاوە دەنێنەوە، ئێمە هەموو هەوڵێك دەدەین بۆ ئارامكردنەوەی دۆخی كەركووك و ئازادكردنی گەنجەكانمان، سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەسەر خەتە لەگەڵ مستەفا كازمی سەرۆكوەزیرانی عێراق".
عەزیز ڕەسووڵ




