هێزە ئەمنییەکان بۆ KDP: توانیمان گرەوەکە لە نێچیرڤان بارزانی ببەینەوە

دهۆک-KDP.info- هێزە ئەمنییەکان، (پێشمەرگە و پۆلیس) دەڵێن، توانیمان گرەوەکە لە نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆکی پارتی ببەینەوە و، هەموومان دەنگمان بە بەربژێرەکانی سەرۆک بارزانی دا.
عزەت دەرمان، پێشمەرگەی زێرەڤانی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند، بەیانی زوو ئامادە بووین بۆ ئەوەی گرەوەکە لە جێگری سەرۆکی پارتی ببەینەوە، چونکە دەبێ پارتی بەهێز بێ بۆ ئەوەی بۆ هەمووان بسەلمێنرێت، دووبارە پارتی دەبێتەوە هێزی یەکەم، جەختیش دەکاتەوە کە پارتی پارێزەری ئەم خاکەیە.
سەمیر قاسم، پێشمەرگەیەکی دیکەی زیرەڤانییە، دەڵێ: "ویستمان لە گرەوەکەی جێگری سەرۆکی پارتیدا، ئێمە سەربکەوین، چونکە دەنگمان بۆ پارتێکە هەموو خەبات و قوربانیدانی بۆ ئەوە بووە، ئەم گەلە بە سەرفرازی بژیت و دژایەتیی هەموو ئەو دوژمنانە دەکا، کە دەیانەوێ ئەم خاکە داگیر بکەن، بینیمان کاتێ داعش نزیکی دهۆک و ناوچەکانی پێکهاتەکان بوویەوە، پێشمەرگەکانی سەرۆک بارزانی بوون قوربانییان دا بۆ ئەوەی خەڵکی پارێزراو بێ".
حەربی حەجی، پۆلیسێکە دەڵێ: "دەمانەوێ بە نێچیرڤان بارزانی ڕابگەیەنین، لە هەموو کات و ساتێکدا ئامادەین بۆ ئەم پارتە دەنگ بدەین، چونکە تەنیا قارەمانەکانی ئەم پارتە بوون لە سەنگەرەکانی سحێلا و پردێ بەرگرییان لە خاک و نیشتیمان کرد و، نەیانهێشت ئەم قەوارە بکەوێت، بۆیەش گرەوەکەمان لە نێچیرڤان بارزانی بردەوە و دەنگمان بە کاندیدانی سەرۆک بارزانی دا، چونکە قوتابییەکانی ئەم ڕێبازە دەتوانن بەرگریکاری سەرخەستی مافەکانی کورد بن".
کـــاروان بــاعەدری




