٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
میدیای پارتی

پەرلەمانتارە كوردەكان داوای چوونی ئاشتی هەورامی بۆ بەغدا دەكەن

سەرچاوە: KDP.info

ئاماده‌كردنی: كاوە جەم

هاوپەیمانیی كوردستانی پێی باشە وەزیری سامانە سرووشتییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئاشتی هەورامی بۆ یەكلاكردنەوەی یەكێك لە داواكارییەكانی كورد لەناو بودجەی عێراقدا، سەردانی بەغدا بكات.

گوتەبێژی هاوپەیمانیی كوردستانی موئەیەد تەییب بە ڕۆژنامەی هەولێر دەڵێ كە لە ناو كۆبوونەوەی لیستەكەیاندا پێشنیازی چوونی وەزیری سامانە سرووشتییەكان ئاشتی هەورامییان بۆ بەغدا كردووە.

ئەوان پێیان وایە چوونی شاندێكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتیی ئاشتی هەورامی بۆ بەغدا و كۆبوونەوەیان لەگەڵ وەزیری پلاندانان و نەوت لە حكوومەتی بەغدا، چارەنووسی یەك لەو خاڵانە یەكلا دەكاتەوە كە كورد پێداگری لە بوونی لە ناو بودجەدا دەكات.

كورد داوا دەكات پارەی ئەو كۆمپانیا نەوتیانەی لە هەرێمی كوردستاندا كار دەكەن لە لایەن حكوومەتی بەغداوە بدرێت و ئەم خاڵەیش لە ناو بودجەی گشتیی عێراقدا بۆ ئەمساڵ جێگیر بكرێت.

سەرەڕای ئەوەی بڕیار بوو دوێنێ لە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی بەغدادا دەنگ لەسەر بودجە بدرێت، بەڵام بە هۆی ڕێكنەكەوتنی كوتلە سیاسییەكان، دەنگدان بۆ ڕۆژی دووشەممە (سبەی) دوا خرا.

دوێنێ شیعەكان سەركەوتن
جێگیربوونی 17%ـی بودجەی هەرێمی كوردستان، پێدانی پارەی ئەو كۆمپانیا نەوتیانەی لە هەرێمدا كار دەكەن، دوو داواكاریی سەرەكیی كوردن كە دەیانەوێ لە ناو بودجەدا جێگیر بكرێن. سوننەكان و تەنانەت كوتلەی ئەحراری سەر بە ڕەوتی سەردیش (شیعە) تێبینییان لەسەر بودجە هەیە.

هەر بە هۆی ئەو تێبینییانە كورد و عێراقییە داوای گەڕانەوەی پڕۆژەیاسای بودجەیان بۆ لای حكوومەت كرد، ئەمە خرایە دەنگدانەوە، بەڵام دەنگی پێویستی نەهێنا و سەرۆكایەتیی پەرلەمانی بەغدا بڕیاری دا گفتوگۆكان تا سبەی بەردەوام بن.

دوای كۆبوونەوەكەی دوێنێیش سەرۆكی پەرلەمانی بەغدا ئوسامە نوجێفی
لەگەڵ سەرۆكی كوتلەكان و لیژنەی دارایی كۆ بووەوە. كۆبوونەوەكە بە مەبەستی دۆزینەوەی ڕێگەیەك بۆ ڕێككەوتنی لایەنەكان لەسەر بودجە بووە.

هەواڵی پەیوەندیدار