لە بوودجەی عێراقدا كەمترین گرنگی بە كشتوكاڵ و پیشەسازی دەدرێت و زۆرترینیش بە سەربازی

17 ملیار و 200 ملیۆن دۆلار بۆ بواری ئاسایش و بەرگری 25 ملیار و 200 ملیۆن دۆلار بۆ وزە و كارەبا.
ڕاپۆرت: هێمن بابان ڕەحیم
لە بوودجه 118ملیار و 600ملیۆن دۆلارییهکهی ساڵی 2013ی عێراق که دهکاته 138 تریلیۆن دیناری عێراقی، بڕی 17 ملیار و 200 ملیۆن دۆلار بۆ ئاسایش و بەرگری و زیاتر لە 25 ملیار بۆ وزە و كارەبا تەرخان دەكرێت، خالد عەلوانی، پەرلەمانتاری لیستی عێراقیە دەڵێت: "زۆرینەی ئەو پارانە لە گەندەڵیدا دەڕۆن."
بە زیاتر لە 17 ملیار دۆلار بوودجهکهی عێراق دەبێتە بوودجهیەكی عەسكەری
خالد عەلوانی بڕیاردەری لێژنەی نەزاهە لە ئەنجومەنی نوێنەران دەڵێت: "پارەیەكی زۆر بۆ بواری ئاسایش تەرخان كراوە و زۆرترین گەندەڵییش ههر لەو بوارەدا دەكرێت" و ئەمەش بەپێی قسەكانی ئەو "لە گرێبەستەكانی چەككڕیندا بە ڕوونی دەردەكەوێت"، ئەو لە قسەكانیدا دەڵێت هێشتایش 14،37%ی كۆی بوودجهی عێراق، واته نزیكەی 16 ملیار دۆلار بۆ ئاسایش تەرخان دەكرێت، بەڵام هێشتایش دۆخی ئەمنیی عێراق ههر خراپە.
عەلوانی دەڵێت: "لەكاتێكدا ئەو ههموو پارە بۆ دابینكردنی ئاسایش تەرخان دەكرێت، تەقینەوە هەر بەردەوامه و كوشتن درێژەی هەیە. دیاره لەم ساڵانەدا بڕێکی زۆر لەو پارهیه بۆ كڕینی چەكی وا تەرخان دەكرێت كە پێویست نییە، باشترە ئەو پارانە بۆ بواری خزمەتگوزاری و نەهێشتنی هەژاری و بێكاری خەرج بكرێت كە لەم ڕێگەیەشەوە دەکرێ دۆخی عێراق و خهڵکهکه باشتر بكرێت."
بەپێی زانیارییەكان لە بوودجهی 2013ی عێراق بڕی 21،31%ی كۆی بوودجهكە واته 25 ملیار و 200 ملیۆن دۆلار، بۆ بواری وزە و به تایبهت چارەسەركردنی كێشەی كارەبا تەرخان كراوە؛
ئهگهرچی لهو 9 ساڵهی دواییشدا 27 ملیار دۆلاری بۆ تهرخان کراوه کهچی خهڵکهکه ههر پێنج سهعات كارەبای نیشتمانییان هەیە. عەلوانی گوتهنی: " ئەمساڵ 26 ملیار دۆلار بۆ كەرتی وزە و كارەبا تەرخان كراوە كەچی دۆخی كارەبا ئهوهنده خراپه ههر مهپرسه؛ کهسیش ناپرسێت ئهو ههموو پارهیه چۆن به ههدهر دراوه؟"
عەلوانی بوودجهی 2013ـی عێراق به "بوودجهیەكی عەسكەری" دهزانێت "نەك مەدەنی" و دەڵێت: "ئەو ملیارەها دۆلارەی تەرخان دەكرێت چهنده بۆ گەندەڵی دەڕوات ئەوەندە بۆ خزمەتگوزاری ناڕوات و خهڵکهکه نایبینێت."
له پرۆژەبوودجهی گشتییهکهی ساڵی 2013ـی عێراق، بڕی 17 ملیار و 200 ملیۆن دۆلار بۆ بواری ئاسایش و بەرگری و 25 ملیار و 200 ملیۆن دۆلار بۆ وزە و 15 ملیار و 300 ملیۆن دۆلار و پەروەردە و فێركردن 11 ملیار و 200 ملیۆن دۆلار و 6 ملیار و 100 ملیۆن دۆلار بۆ ژینگە و تەندروستی، 3 ملیار و 500 ملیۆن دۆلار بۆ ئاو و ئاوەڕۆ و ملیارێک و 700 ملیون دۆلار تەرخان كراوه. 2 ملیار و 400 ملیۆن دۆلاریش بۆ كشتوكاڵ و ملیارێک و 700 ملیۆن دۆلار بۆ پیشەسازی و ملیارێک و 500 ملیۆن دۆلار بۆ نیشتەجێكردن و ملیارێک و 700 ملیۆن دۆلاریش بۆ ڕۆشنبیری و گەنجان و یانە و یەكیهتییەكان تهرخان کراوه. بایی 8 ملیار و 500 ملیۆن دۆلاریش بۆ دانهوهی قهرز دانراوه. ئیدارە گشتییە ناوەندی و خۆماڵییەكانیش 11 ملیار و 700 ملیۆن دۆلاریان بۆ دانراوە.
کهواته ڕێژەی 14،5%ی بوودجهی عێراق بۆ بەرگری و ئاسایشە، کهچی 1،4%ی بوودجه بۆ پیشەسازیی تەرخان كراوە. تەندروستی و ژینگەیش ههر 5،1%یان بۆ دانراوه.
كورد دەیەوێت حكوومەتیناوەند پابەند بكات
قاسم محەمەد ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە لیستی هاوپەیمانی كوردستانی لە لێدوانێكی تایبەتدا به ڕۆژنامەی هەولێری گوت: پرۆژەبوودجهی عێراق لە ڕووی دارایی و ژێرخان و خەرج و داهاتەكانیەوە كێشەیەكی زۆر زۆری تێدایە و دەڵێت: "كێشەكانی پرۆژەكە یەكجار زۆرن، چونكە چەند خەرجی و داهاتێکی نادیار، بڕیاری ناڕێك و تەرخانكراوی ناپێویستییان تێدایە."
لەدرێژەی قسەكانیدا ئاماژە بهوەیش دەكات چەند بڕگە و ماددەیهک لە پرۆژەیاساكەدا دژی هەرێمی كوردستان داڕێژراوە كە ئەگەر هەموار نەكرێنەوە كورد لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەنگ بە بوودجهکه نادات. قاسم محەمەد لەو بارەیەوە دەڵێت: "دەبێت حكوومەتیعێراق لە پرۆژەكەدا 4 ملیار و 200 ملیۆن دۆلاریش تهرخان بکات بۆ موستەحەقاتی ئەو كۆمپانیا نەوتییانەی که لە هەرێمی كوردستاندا كار دەكەن."
گووتیشی ئەو كۆمپانیایانە نەوت بەرهەم دەهێنن كە دەچێتە دەرەوە و تەنها 17%ی ئەو پارەیەی بۆ هەرێمی كوردستانە ئەودوای بۆ عێراق دەچێت و دهیشڵێت: "دەبێ حكوومەتیعێراق بە دانی پشكی پارەی هێزەكانی پێشمەرگەیش پابەند بكرێت و ڕێژەی 17% چیتر نەبێتە جێی هەڕەشەی بڕینی، هەروەها ئێمە تێبینیمان لەسەر بڕە بوودجهی تەرخانكراو بۆ ماددەی 140 هەیە كە دەبێت زیاتر بكرێت."
پشكی هەرێمی كوردستان لە كۆی بوودجهی عێراق 12 ملیار و 300 ملیۆن دۆلارە واته 14 تریلیۆن و 300 ملیۆن دینار. لە پرۆژەبوودجهی ساڵی 2013ـی عێراقدا فرۆشتنی هەر بەرمیلیك نەوت بە 90 دۆلار دیاری كراوە كە ڕۆژانە دەبێت بڕی 2 ملیۆن و 900 هەزار بەرمیل بنێرێتە دەرەوە که بڕی 250 هەزار بەرمیلی له هەرێمی كوردستانهوه دهچێت.
گرنگی بە كشتوكاڵ و پیشەسازی و كەمكردنەوەی هەژاری نەدراوە
موشریق ناجی ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەسەر لیستی ئەحراری ڕەوتی سەدر، لە لێدوانێكدا بۆ ڕۆژنامەی هەولێر دەڵێت بوودجهی عێراق بۆ ئەمساڵ چەشنی ساڵانی ڕابردوو "چەندین كەموكورتیی تێدایە" و ڕەخنە لەوەیش دەگرێت پارەیەكی زۆر بۆ ئەو بوارانەی كە هەر چارەسەر نابن تەرخان كراوە و "زۆرینەیشی بە گەندەڵی دهخورێت."
دەیشڵێت: "چەند ساڵێكە كەرتی كارەبا پارەیەكی زۆری بۆ تەرخان دەكرێت بەبێ ئەوەی كێشەی كارەبا چارەسەر ببێت، بەبێ ئەوەی لێپرسینەوە لە یەك كەسیش لەسەر دزینی ئەو پارانە بكرێت"، هەرچی لەمەڕ پارەی تەرخانكراوە بۆ مەسەلەی پیشەسازی و كشتوكاڵیشە دەڵێت: "عێراق وڵاتێكی كشتوكاڵییە و زۆر پێویستی بە بوودجهی تەرخانكراوە بۆ ئەوەی بێتەوە سەر خۆی و پێویستمان بە بەرهەمی خۆماڵییە كەچی پارەیەكی ئەوتۆی بۆ تەرخان نهكراوە تا ئیتر بەرهەمی خۆمان بخۆین نەك هی وڵاتانی دەوروبەر."
ڕەخنە لە بڕە پارەی تەرخانكراو بۆ بواری پیشەسازی دەگرێت و پێی وایە "ئەم پارەیە هیچ بڕێكی وا نییە عێراق بتوانێت چەند كارگەیەكی گەورەی پیشەسازیی هەبێت بۆ ئەوەی ئەم كەرتە ڕۆڵی هەبێت لە بەدیهێنانی ئاسایشی خۆراك."
ناجی ڕەخنەی لەوەیشه گرت كە حكوومەتی عێراق هیچ پرۆژە ستراتیژییهکی وای نییە به هۆیهوه هەژاری لە وڵات كەم بكاتەوە و یارمەتیی بێوەژن و هەتیو و كەمدەرامەتەكان بدات كە ئەمە "كێشەیەكی گەورەی ناوهتهوه".
كۆی داهاتەكانی عێراق دەگاتە 102 ملیار دۆلار واته 119 تریلیۆن و 300 ملیار دینار، که زۆربەی لە فرۆشی نەوتەوە دەستی دەكەوێت و ڕێژەی 5%یشی بۆ قەرەبووکردنهوهی كوێت تەرخان دەكرێت. بوودجهی وەبەرهێنان 55 تریلیۆن دینار و بوودجهی تەشغیلی بریتییە لە 83 تریلیۆن دنیار.




