ئافرەتانی ئێزدی بۆ KDP: دەنگمان بۆ پارتی دەبێت

دهۆك-KDP.info- کچ و ژنانی کوردانی ئێزدی دەڵێن، پارتی و سەرۆک بارزانی بوون بە هەزاران کەسیان لە دەستی داعش رزگارکرد، هەروەها بە سەرپەرشتی سەرۆک بارزانی و پێشمەرگەی کوردستان، شنگال لە دەستی داعش رزگارکرا، بۆیە دەنگیان بۆ پارتی دەبێت.
دلڤین خەلەف، کچە کوردێکی ئێزدییە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند، سەرۆک بارزانی بە هەموو شێوەییەک پشتیوان و پاڵپشتی کچ و ژنانی ئێزدییە، وتەیەکی جەنابی سەرۆک بارزانیش دێنێتەوە، کە رایگەیاندووە، کچ و ژنانی ئێزدی، هێمای شەرەفی کوردانن.
دلڤین باسی لەوەشکرد، کە لە دەستپێکی هاتنی تیرۆریستانی داعش و لە یەکەم رۆژی فەرمان و کۆمەڵکووژی ئێزدیاندا، سەرۆکی هەرێم نێچێرڤان بارزانی، نووسینگەیەکی بۆ رزگارکردنی ئەو ئافرەتانە کردووەتەوە و چەندین ئافرەتی ئێزدییان رزگار کردووە، دەشڵێ زۆر کەس کەوتنە قسە و بڵاوکردنەوەی هەواڵی بێ بنەما، بەڵام نەیانتوانی یەک کچی ئێزدی رزگار بکەن.
ئاماژەی بە هەوڵەکانی پارتی کرد، کە هەر لە یەکەم رۆژەوە دەرگای هەرێمی کوردستانی بۆ کوردانی ئێزدی کردەوە و، هەموو پێداویستییەکانی ژیانی بۆ ئامادەکردن، جەختیشی لە گوتەیەکی سەرۆک بارزانی کردەوە، "لە هەر کوێییەکی دونیابن، لەو کەسانە خۆشنابین دەستیان لەو تاوانانەی بەرانبەر کوردانی ئیزدی هەبووبێت". جەختیش لەوە دەکاتەوە، کە دەنگی بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان دەبێت.
ئەدیبە سەیدۆ، ئافرەتێکی چالاکوانی ئێزدییە، رایگەیاند، کە ئێزدییەکان کوردانی رەسەنن و، هیچ کەس ناتوانێ نکووڵی لەوە بکات، جەختیش دەکاتەوە شنگال و لالش هیچ کات لەیەک جیاناکرێنەوە، ئاماژە بەوەش دەدا، کە سەرۆک بارزانی هەموو هەوڵانەی پووچەڵ کرکردنەوە و نەیهێشت کوردستانی بوونی شنگال بسڕنەوە، هاوکات پارتی و سەرۆک بارزانییە لە سەر ئاستی نێودەوڵەتی هەموو هەوڵێک دەدەن، تا جارێکی دی، شنگال نەکەوێتە بەر پالامارێکی تیرۆری دیکە و شنگال لە کوردستان جیا نەبێتەوە.
ئەو دەڵێ، لە دوای ٢٠١٤ ەوە و تا ئیستا هەر پارتی و سەرۆک بارزانی و سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکوومەتن، کە پشتیوانی ئیزدی و پێکهاتەکانی دیکەی کوردستان دەکەن، جگە لەوان نەیاندیووە لایەنێک، یا کەسێکی دیکە پرسی کچ و ئافرەتانی ئێزدی بگرنە ئەستۆیان.
هەدیە پووکو کچێکی دیکە ئێزدییە، دەڵێ، زۆر کەس و لایەنیان دیوە، کە لە شنگالن، بەڵام تا پارتی نەگەڕێتەوە، خەڵکیش ئامادەیی گەڕانەوەیان بۆ ژێر دەستەڵاتی ئەو هێزانە نییە.
ئەو کچە ئێزدییە، زۆربەی کەس و کاری لە دەست داعش لە لایەن نووسینگەی سەرۆکی هەرێم، نێچیرڤان بارزانییەوە رزگارکراون، هاوکات پاڵپشتی کراون، بۆیە پێیوایە، کە تەنیا پارتییە خۆی لە کچ و ژنانی ئێزدی کردووەتە خاوەن.
ئەو جەختیش لەوە دەکاتەوە، کە گەڕانەوەی شنگالی و شنگالییەکان بەندە بە گەڕانەوەی پارتی و پێشمەرگە بۆ شنگال.
کاروان باعەدرێ




