٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

مانگی داھاتوو کۆمەڵێک قوتابی بۆ خوێندن دەچنە فەرەنسا

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر -KDP.info-  سەرۆکی زانکۆی سەڵاحەدین گوتی، زانکۆی سەڵاحەدین پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ زانکۆکانی فەرەنسا ھەیە بە حوکمی ئەوەی کە لە زانکۆی سەڵاحەدین بەشی فەرەنسی ھەیە و تا ئێستا ٤٠٠ قوتابی دەرچووی ئەو بەشەن و بڕیارە مانگی داھاتووشی کۆمەڵێک قوتابی بۆ خوێندن بچنە فەرەنسا.

سەرۆکی زانکۆی سەڵاحەدین، دکتۆر جەوھەر فەتاح، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "لە ساڵی ٢٠٠٤ـوە بەشی فەرەنسی لە زانکۆی سەڵاحەدین کراوەتەوە، سەرەتا لە کۆلیژی ئاداب بوو، دواتر کرا بە کۆلیژی زمان، تا ئێستا ٤٠٠ قوتابی بەکالۆریۆسیان لە زمانی فەرەنسی بەدەست ھێناوە و ئێستا قوتابی بەشی زمانی فەرەنسیمان بۆ ھەر چوار قۆناغی زانکۆ ھەیە و، وەکوو زانکۆی سەڵاحەدین پەیوەندییەکی باشمان لەگەڵ زانکۆکانی فەرەنسا ھەیە بە حوکمی ئەوەی میللەتی فەرەنسا و کورد پەیوەندیی دۆستانەی بەھێزمان ھەیە.''

گوتیشی: "سەرەتای مانگی نۆ حەوت قوتابی لە بەشی فەرەنسی لە قۆناغی سێ کە شەش کوڕ و یەک کچ بۆ ماوەی شەش مانگ دەچنە زانکۆی نۆرمەندی لە وڵاتی فەرەنسا دەخوێنن و دواتر شەش قوتابیی دیکە مانگی یەک دەچن و خوێندن لەوێ تەواو دەکەن کە بە دوو وەجبە دەبێت.''

دکتۆر جەوھەر فەتاح باسی لەوەش کرد: "لە مانگی ١٠ لە سیستەمی ئیراسموس پلاس، کە زۆر لە زانکۆکانی ئەورووپا و ھەرێم بەشدارن، ژمارەیەک مامۆستای ئێمە سەردانی ھەمان زانکۆ دەکەن، بۆ ئاڵوگۆڕی پەیوەندیی زانستی و کلتووری لە نێوان زانکۆی ئێمە و فەرەنسا و لە قۆناغێکی دیکەدا دوو دکتۆری دیکەی ئێمە کە دکتۆرایان لە زمانی فەرەنسی ھەیە، سەرەتای مانگی ١١ دەچنە ھەمان زانکۆ بۆ وانەگوتنەوە و بۆ ئەوەی مامۆستای ئەو زانکۆیە بەرچاوڕوونییان ھەبێت لەسەر مامۆستای ئێمە و ھەڵسەنگاندیان بۆ بکەن و شارەزای سیستەمی خوێندنی ئێمە بن.''

گوتیشی: ''ساڵانە زەمالەی خوێندنمان لە زانکۆکانی فەرەنسا بۆ دابین دەکرێت، بەڵام بەھۆی کۆرۆناوە ئێستا نییە.''

 

بڵند ئیبراھیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار