سیوەیلی بۆ KDP: فەڕەنسا پێویستی بە پێگەگەیەکی ترە لە ناوچەکەدا

ھەولێر-KDP.info- بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، ھەرێمی کوردستان پێویستی بە دەوڵەتێکی گرنگ و کاریگەری وەک فەڕەنسا ھەیە، کە ئەندامی ھەمیشەیی ئەنجوومەنی ئاسایشە و لەسەر ئاستی یەکێتیی ئەورووپا ڕۆڵی سەرەکیی ھەیە و مێژوویەکی درێژیشی لەگەڵ ڕۆژھەڵاتی ناڤین ھەیە، کە ماوەی سی ساڵە فەڕەنسا داکۆکیکارێکی سەرەکی بووە لە ھەرێمی کوردستان.
ھۆشیار سیوەیلی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، ھەڵوێستی دۆستانەی فەڕەنسا بەرامبەر بە گەلی کورد، لە سەرەتای ھەشتاکانی سەدەی پێشووەوە دەستی پێکرد و بە دیاریکراویش لە سەردەمی سەرۆکایەتیی سەرۆک فڕانسوا میتیران و ڕۆڵی مادام میتیران لە دامەزراندن و پتەوکردنی ئەو پەیوەندییانەدا لەبیر ناکرێت، کە لە ساڵی ١٩٨٣ دا مادام میتیران ڕۆڵی دیاری ھەبوو لە ھاوکاریکردنی یەڵماز گونەی و جگەرخوێن بۆ دامەزراندنی ئینستیتیوتی کورد لە پاریس و دواتر لە ساڵی ١٩٨٨ دا سەردانی کامپی ئاوارەکانی کیمیابارانی بادینانی کرد لە تورکیا.
بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتیشی، حکوومەتی فەرەنسا بە گشتی و سەرۆک میتیران بە تایبەتی، شانبەشانی جۆن مەیجەر ڕۆڵی سەرەکییان لە دەرچوونی بڕیاری ٦٨٨ و چەسپاندنی ناوچەی ئارام بینی و ھەرچەندە سیاسەتی فەرەنسا لە سەردەمی جاک شیراکدا ھێشتنەوەی پەیوەندییەکانی ئەو وڵاتە بوو لەگەڵ ڕژێمی سەددام حوسێن و تەنانەت فەڕەنسا لە ساڵی ٢٠٠٣ ھەڕِەشەی بەکارھێنانی ڤیتۆی کرد دژی بڕیارێکی پێشنیازکراو لە لایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانەوە بۆ داگیرکردنی عێراق، بەڵام لە سەردەمی سارکۆزیدا پەیوەندییەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و فەڕەنسا ئاسایی بوونەوە، بەڵام لەسەردەمی سەرۆک فڕانسوا ھۆڵاند، پەیوەندییەکان گەیشتنە لوتکە و سەرۆک ئیمانۆیل ماکرۆنیش زیاتر پەرەی بەو پەیوەندییانە دا و لە ماوەی ساڵێکدا ئەمە دووەم سەردانی سەرۆک ماکرۆنە بۆ عێراق و یەکەم جاریشە دێتە ھەولێر.
دەشڵێ، پەیوەندییەکانی نێوان فەڕەنسا و ھەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی ھاوبەش لە بوارەکانی ئاسایش و ئابووری و سیاسی پەرەیان سەندووە، ھەرچەندە لە سەرەتادا ھاوکاریی مرۆیی و کەلتووری بنەمای دروستبوونی پەیوەندییەکان بوون و ھەرێمی کوردستان پێویستی بە دەوڵەتێکی گرنگ و کاریگەری وەک فەڕەنسا ھەیە کە ئەندامی ھەمیشەیی ئەنجوومەنی ئاسایشە و لەسەر ئاستی یەکێتیی ئەورووپا ڕۆڵی سەرەکیی دەگێڕێت و مێژوویەکی درێژیشی لەگەڵ ڕۆژھەڵاتی ناڤین ھەیە، کە ماوەی سی ساڵە فەڕەنسا داکۆکیکارێکی سەرەکی بووە لە کوردستان و ھەرێمی کوردستان و بە پەرۆشەوە ھەوڵ دەدەن ھەولێر و بەغدا بگەنە ڕێککەوتن و پەیوەندییەکانیان لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی ھاوبەش بنیات بنێن.
هەروەها جگە لە ھاوکاریی راستەوخۆ لە کاتی جەنگی دژی داعش، فەرەنسا شانبەشانی دەوڵەتانی تر لە ھەوڵی بەردەوامدایە بۆ بەھێزکردنی دەزگاکانی حوکمڕانی لە ھەرێم و بەدەزگاییکردنی ھێزی پێشمەرگە و بەھێزکردنی تواناکانی ھەرێمی کوردستان و وا چاوەڕێ دەکرێت لە بواری ئابووریشدا پەرەی زیاتر بە پەیوەندییەکان بدرێت.
ھۆشیار سیوەیلی باسی لەوەش کرد، بێگومان فەرەنساش بەرژەوەندیی لەگەڵ ھەرێم ھەیە و جگە لە بواری بەرگری و ئەمنی، بەھای ھاوبەش و بەرژەوەندیی ئابووریش لە ئارادایە، لەم دواییانەدا کۆمپانیای تۆتاڵ ئینێرجی فەرەنسی چەندین گرێبەستی سەرەتایی لەگەڵ حکوومەتی عێراق مۆر کردووە لە بواری دەرھێنانی نەوت و بەرھەمھێنانی غاز، لەو غازەی بەردەوام دەسووتێنرێت و لە بواری بەرھەمھێنانی کارەبا لە وزەی خۆر، ئەمەش لە کاتێکدایە کە کۆمپانیا گەورەکانی وەک ئێکسۆن مۆبیل و شێل و تەنانەت بی پی بەریتانی و لوک ئۆیڵی ڕووسیش عێراق بەجێدەھێڵن. جێبەجێکردنی ئەم گرێبەستە زەبەلاحانە پێویستی بە سەقامگیریی سیاسی و ئەمنی ھەیە لە عێراق و ئەوەش بە بێ پەیوەندییەکی باش لە نێوان ھەولێر و بەغدا مەیسەر نابێت.
سیوەیلی ڕوونیشی کردەوە، لە ڕووی مێژووییەوە فەرەنسا پێگەی لە لوبنان بەھێز بووە، بەڵام پێدەچیت دۆخی لوبنان بەرەو ئاڵۆزی و ناسەقامگیریی زیاتر بڕوات و فەڕەنسا پێویستی بە پێگەگەیەکی ترە لە ناوچەکەدا، بۆیە پێویستە ئێمە و حوکمڕانیی ئێمەش لەو ئاستەدا بن کە بەرژەوەندییەکانی خۆمان و ئەوانەی فەڕەنسا و ھاوبەشەکانی ترمان بپارێزین و کاری ھاوبەش و پێکەوەیی بەھێز بکەین و نەبینە بار بەسەریانەوە.
بڵند ئیبراھیم




