بە چاکسازیکردن لە پلە باڵاکان زیاتر لە ٣ ملیار دینار بۆ حکوومەت دەگەڕێتەوە
__2021_08_28_h19m0s49__ER.jpg)
ھەولێر -KDP.info- جێگری سەرۆکی لیژنەی نەزاھەی پەرلەمانی کوردستان باسی وردەکاریی خانەنشینیی پلە باڵاکان دەکات و دەڵێت، بە چاکسازیکردن لە مووچەی پلە باڵاکان زیاتر لە ٣ ملیار دینار بۆ حکوومەت دەگەڕێتەوە.
سەعید ھەرکی بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "لە ھەرێمی کوردستان جگە لە ئەندامانی پەرلەمانی کوردستان ھەزار و ٤٧٠ خانەنشینمان ھەیە و، ئەوانەی کەموکوڕییان لە دۆسیەکانیاندا ھەیە ٧١٥ کەسن و خانەنشینی نایانگرێتەوە.''
جێگری سەرۆکی لیژنەی نەزاھەی ھەرێمی کوردستان ڕوونیشی کردەوە: "حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بڕیاری ژمارە ٧٦ی ھەیە و بەپێی ئەو بڕیارە ئەوانەی خانەنشین کراون بە ھەر پلەیەک، کە پێش ساڵی ١٩٩١ پێشمەرگە بووبن، دەبێ بچن خزمەتی خۆیان بێنن، ئەوکات مووچەیەکیان پێ دەدرێت، ئەگەرنا دەگەڕێنەوە بۆ کاری پێشووی خۆیان.''
سەعید ھەرکی گوتیشی: "لەو چاکسازییە کە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کردوویەتی، زیاتر لە ٢ ملیار دینار بۆ حکوومەت دەگەڕێتەوە.''
ھەرکی باسی لەوەش کرد: "ئەو پەلەمانتارانەی کە ژمارەیان ٤٣٠ پەرلەمانتارە مووچەیان لە ٥٠%ی ئەو مووچە و دەرماڵەیە زیاتر نابێت کە کاتی پەرلەمانتاری وەریانگرتووە. کاتی خۆی ٨ ملیۆن و٢٠٠ ھەزار دیناریان وەرگرتووە کە خانەنشین بوونە بە ٦ ملیۆن و٥٠٠ ھەزار دینار، بۆیە ئێستا مووچەیان کەم دەکرێتەوە بۆ نیوەی ئەوکاتەی پەرلەمانتار بوونە و مووچەیان وەرگرتووە، بۆیە مووچەی ئەگەر ھەموو مەرجەکانی تێدا بێت لە ٤ ملیۆن و١٠٠ ھەزار دینار تێپەڕ ناکات، بەو مەرجەمی تەمەنی ٤٥ ساڵ بێت و ١٥ ساڵ خزمەتی ھەبێت و چەند مەرجێکی دیکە، ئەگەرنا مووچەی ناگاتە ٤ ملیۆنیش و بگرە لە ملیۆنێک و٧٥٠ ھەزار دینار دەست پێ دەکات تا دەگاتە ٤ ملیۆن و١٠٠ ھەزار بەپێی مەرجەکان.''
گوتیشی: ''لەوەی پەرلەمانتارانیش مانگانە ملیارێک دینار بۆ حکوومەت دەگەڕێتەوە کە دەبێتە زیاتر لە ٣ ملیار دینار بەگشتی.''
بڵند ئیبراھیم




