"پارتی لە دھۆک گۆڕانکاری دەکات"

دهۆک -KDP.info- پارتی لە سنووری پارێزگای دهۆک گۆڕانکاری لە بەرپرسەکانیدا دەکات و بەرپرسێکی پارتییش لە دھۆک دەڵێت، گۆڕانکارییەکان لەسەر ئاستی لق و ئۆرگانەکانی حزب دەکرێت و بڕیارە دوای ھەڵبژاردن ئامادەکاری بۆ کۆنگرە بکرێت.
مەسعوود سەرنی، کارگێڕی لقی یەکی پارتی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "لەنێو پارتیدا بەردەوام گۆڕانکاری دەکرێت، چونکە سروشتی پارتی وایە و خۆی نوێ دەکاتەوە، ئەوەش ھەنگاوێکی زۆر باشە کە پارتی دەست بە گۆڕانکاری بکات و کاریگەریی لەسەر بەڕێوەچوونی کارەکانی حزب دەبێت، بەتایبەتی ئێمە وەک پارتی بەرەو کۆنگرە دەچین، پێشتر بڕیار بوو کۆنگرە بەڕێوە بچێت، بەڵام بەھۆی ڕەوشی تەندروستی و تەشەنەکردنی کۆرۆناوە کۆنگرە دوا کەوت، ئەوەش ھۆکار بوو کە پێش کۆنگرە ھەندێ گۆڕانکاری بکرێت.''
بەرپرسەکەی پارتی دەڵێت: "لە سنووری پارێزگای دھۆک ھەندێ گۆڕانکاری کراوە، بڕیارە گۆڕانکارییەکە بەردەوام بێت و بەرپرسی لقەکان و ئۆرگانەکانی دیکەش دەگرێتەوە و لە ڕۆژانی داھاتوودا بەرپرسی دیکەش گۆڕانکارییان تێدا دەکرێت.''
دەشڵێت، لە سنوری پارێزگای دھۆک ھەندێ گۆڕانکاری کراوە، لەوانەش بەرپرسی لقی ١٧ی شنگال لەشوێنی قادر قەچاغ، ئاشتی کۆچەر دەست بەکاربووە و عەبدولخالق باپیریش لەشوێنی مەحمووود ئێزدی کراوەتە بەپرسی لقی ٢٠ی شێخان.
قائید میرۆ




