نادر رۆستی: بە ھۆی پەکەکە و بۆردوومانەوە زیانی زۆر بەر ناوچە گەشتیارییەکان گەیشتووە

ھەولێر-KDP.info- گوتەبێژی دەستەی گشتیی گەشتوگوزاری ھەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، بە ھۆی بوونی پەکەکە و بۆردوومانەکانەوە، زیانی زۆر بەر شوێنە گەشتیارییەکانی ناوچە سنوورییەکان کەوتووە و، وەبەرھێنەرانیش بە هۆی مەترسییەوە ناتوانن پڕۆژەی گەشتیاری لەو ناوچانە ئەنجام بدەن.
نادر رۆستی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، کۆمەڵێک شوێنی گەشتیاری لەسەر سنوورەکان بە ھۆی نائارامی و هەبوونی پەکەکە و بۆردوومانی تورکیا و ئێرانەوە، زیانی زۆریان پێ گەیشتووە، کە ھەر دوێنێ لە باتیفا دوو گەشتیار کوژران، ئەمەش مەترسی لەسەر گەشتیاران و شوێنە گەشتیارییەکان دروست دەکات، چونکە گەشتیار ناتوانێ بچێت بۆ ئەو شوێنانە.
رۆستی گوتیشی، لە زاخۆ و ئامێدی، لە مێرگەسۆر و چۆمان، لە رانیە و قەڵادزێ شوێنی گەشتیاری هەن کە سرووشتی جوانیان ھەیە بۆ گەشتیاری و شاخەوانی، بەڵام بە ھۆی بۆردوومان و نائارامی و بوونی پەکەکەوە، گەشتیار ناتوانێ ڕوو لە زۆر شوێن بکات و بوونەتە ناوچەی قەدەغەکراو، هەروەها وەبەرھێنەرانیش ناتوانن کاری تێدا بکەن و پڕۆژەی لێ ئەنجام بدەن، بۆیە ئەمە ھەموو زیانە بەر کەرتی گەشتیاری دەکەوێت.
ناوبراو باسی لەوەش کرد، لە زاخۆوە تا دەگاتە چۆمان و ھەموو ناوچەکانی سەر سنوور، زیانیان بەرکەوتووە و گەشتیار ناتوانن بچن بۆ ئەو ناوچانە، کە زۆر شوێن ئامادەش بوون، بەڵام ئێستا گەشتکردن بۆ ئەو شوێنانە قەدەغە کراوە.
بڵند ئیبراھیم




