هەولێر دەبێتە خاوەنی یەكێك لە بەرزترین تاوەرەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست
ڕاپۆرت: هێمن بابان ڕەحیم
یەكێك لە بەرزترین تاوەرەكانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بە بەرزیی 275 مەتر لە ماوەی سێ ساڵدا لە هەولێر دروست دەكرێت كە بە دروستكردنی ئەم تاوەرە ههرێمی کوردستانی عێراق دەبێتە پێنجەمین وڵاتی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست كە تاوەری بەرزی تێدایە.
ئەم تاوەرە هەوربڕە كە ناوی نازەتاوەری لێ نراوە، لە 65 نهۆم پێك دێت و لەسەر ڕووبەری 32 هەزار مەتر چوارگۆشە لە شوێنی نازەمۆڵی پێشوو لە هەولێر دروست دەكرێت.
نازەتاوەر كە ئێستا بناغەكەی هەڵدەكەندرێت بە هاوبەشیی خاوەنی پێشووی نازەمۆڵ حاجی شەهاب نوورەدین و خاوەنی كۆمپانیای كرمانج، سەباح نووری دروست دەكرێت.
حاجی شەهاب وێڕای ئاماژەدان بە هاتنی لێشاوی گەشتیاران دەڵێت "نازەتاوەر دەبێتە شوێنێكی دەگمەن كە گەشتیاران لەسەریەوە سەیری هەولێر دەكەن."
حاجی شەهاب لەو بڕوایەدایە كە نازەتاوەر مانایەكی دیكەی گەشتیاری و بازرگانی بە هەولێر دەبەخشێت و وێڕای ئەوەی لە كاتی دروستكردندا دەرفەتی كار بۆ سەدان كەس دەڕەخسێنێت، پاش تەواوبوونیش دەبێتە ناوەندێكی گرنگی ڕەخساندنی كار و جووڵەی ئابووریی هەولێر.
زیاتر لە 100 ملیۆن دۆلاری تێ دەچێت
هاوبەشی دروستكەری نازەتاوەر ئەندازیار سەباح نووری ئاشكرای دەكات ئەو تاوەرە نزیكەی 120 ملیۆن دۆلاری تێ دەچێت كە 400 شوققەی نیشتەجێبوون و نووسینگەی بازرگانیی تێدا دەبێت. هەروەها سێ نهۆمی خوارەوە و نهۆمێكی سەرەرەوەی تاوەرەكە بۆ كافتریا و چێشتخانە تەرخان كراوە. بە گوتەی سەباح نووری ئەو تاوەرە گەراجێكی تێدا دروست دەكرێت كە جێگەی هەزار ئۆتۆمبێلی تێدا دەبێتەوە.
دیزاینێكی تایبەت
دیزاینی نازەتاوەر بە گوتەی ئەندازیاری شارستانی فیراز ئەحمەد لە تاوەری هیچ وڵاتێك كۆپی نەكراوە و دیزاینێكی تایبەت بە خۆی هەیە.
فیراز ئەحمەد ڕوونی دەكاتەوە كە لەگەڵ ئەوەی پێیان گوتراوە كە دیزاینی تاوەری وڵاتێكی دیكەی بۆ كۆپی بكەن، بەڵام ئەوان بەوە ڕازی نەبوون. فیراز ئەحمەد دەڵێت "دوای گەڕانی وڵاتانی توركیا، بەریتانیا، لوبنان، ئیماراتی ئەبووزەبی و ئێران، بڕیارمان دا كە سوود لە دیزاینی تاوەری ئەو وڵاتانە وەربگرین، بەڵام شتێكی تایبەت بە كوردستان دیزاین بكەین."
بە گوتەی فیراز بەرزترین بینا لە توركیا 60 نهۆمە، لە تاران 52، لە لوبنانیش 54 نهۆمە، بەڵام نازەتاوەر بە 65 نهۆم لە هەموویان بەرزتر دەبێت. هەروەها لە ئاستی جیهان نازەتاوەر لە ڕیزبەندیی 240 تا 250ـیەمین تاوەری بەرزی جیهاندایە.
پاشخان
دروستكردنی نازەتاوەر ئێستا لە قۆناغی هەڵكەندنی بناغەدایە و لە ماوەی سێ ساڵدا تەواو دەبێت.
ئەو تاوەرە 65 نهۆمە و 275 مەتر بەرزە.
400 ئۆفیس و شوققەی نیشتەجێبوون لەخۆ دەگرێت.
جگە لەوەی دەبێتە بەرزترین تاوەر لە عێراقدا، یەكێك لە تاوەرە بەرزەكانی جیهانیش دەبێت.
زیاتر لە 100 ملیۆن دۆلاری تێدەچێت.
كۆمپانیای OGH Design and Consultancy لە ئیمارات دیزاینەكەی كردووە. هەروەها لە نێو هەرێمیش كۆمپانیایRAHA design and Consultancy دیزاینی شارستانییەكەی ئامادە كردووە.




