د. محەمەد خورشید: جەماوەری کەرکووک بۆ ھەڵبژاردن ھەڵوێستە نیشتیمانییەکانی پارتیی لەبەر چاوە

کەرکووک-KDP.info- پارێزگای کەرکووک بەسەر سێ بازنەی ھەڵبژاردندا دابەش کراوە و بەرپرسێکی پارتییش پێی وایە، ناحەقی بەرانبەر بە کورد کراوە لە دابەشکردنی کورسییەکان و دەشڵێت، جەماوەری کەرکووک ھەڵوێستە نیشتیمانییەکانی پارتییان لەبەر چاوە بۆ ڕۆژی ھەڵبژاردن.
د. محەمەد خورشید، بەرپرسی لقی ٣ی پارتی لە کەرکووک، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ناحەقییەکی زۆر بەرانبەر بە کورد کراوە لە بازنەکانی ھەڵبژاردن، چونکە ڕێژەی دەنگدەران لە ھەرسێ بازنەی کەرکووک دیارە، بەڵام سێ کورسی بۆ بازنەی حەویجە دیاری کراوە، پێمان وایە کورسییەک زیاد کراوە بۆ بازنەی حەویجە، پێنج کورسی بۆ بازنەی کورد دیاری کراوە، چوار کورسییش بۆ بازنەی ناوەند دیاری کراوە، کورد دەبێت ھەر پێنج کورسییەکەی بازنەی یەکەم بەدەست بێنێت و کورسییەک، یان دوو کورسییش لە بازنەی دووەم ببات، ئەمەیش کارێکی ئاسان نابێت."
بەرپرسەکەی پارتی دەشڵێت: "پارتی لە بازنەی یەکەم شاخەوان عەبدوڵڵای کاندید کردووە و لە بازنەی دووەمیش نەجوا حەمید کاندیدی پارتییە و ئێمە ئومێدمان ھەیە کاندیدەکانمان لە کەرکووک دەنگ بەدەست بێنن، جەماوەری بەشەرەفی کەرکووکیش لە کاندیدەکانی ئێمە ڕازین و ھەڵوێستە نیشتیمانییەکانی پارتییان لەبەر چاوە."
د. محەمەد خورشید ڕوونی کردەوە: "ھاوردەکردنی عەرەبی شۆڤێنی بۆ کەرکووک کاریگەریی لەسەر ھەڵبژاردنەکان دەبێت، لەبەر ئەوەی بەھەزاران خێزانی عەرەبی شۆڤێنی ھاوردەی کەرکووک کراون، بێگومان ئەمانە بۆ ڕۆژی دەنگدان بەکار دەھێندرێن، چونکە ئامادەکاری کراوە و پسوولەی خۆراک و کارتی نیشتمانیی عەرەبی ھاوردە خراوەتە سەر کەرکووک تا لە ھەڵبژاردن بەشدارییان ھەبێت."
قائید میرۆ




