پۆلیسى هه‌ولێر ئامارى شه‌ش مانگى ڕابردوو ڕاده‌گه‌یه‌نێت

هه‌ولێر-KDP.info- گوته‌بێژى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی پۆلیسی پارێزگاى هەولێر ڕایدەگەیەنێت، لە ماوەى شەش مانگى ڕابردوودا لە سنوورى پارێزگاى هەولێر، حه‌وت هەزار و 981 تاوانى جۆراوجۆر ئەنجام دراون، دوو هەزار و 755 تاوانباریش دەستگیر کراون، تەواوى دۆسیەکان ڕەوانەى دادگا کراون.
ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه، موقه‌ده‌م هۆگر عه‌زیز، گوته‌بێژى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی پۆلیسی پارێزگاى هەولێر، له پرێس كۆنفرانسێكدا ئامارى شه‌ش مانگى ڕابردووى خسته ڕووى و گوتى: "لە ماوەى 1/1/2021 تا 30/6/2021، لە سنوورى پارێزگاى هەولێر حه‌وت هەزار و 981 تاوان ئەنجام دراون، حه‌وت هه‌زار و 309 تاوان ئاشکرا کراون، ڕێژەى دەستکەوت %92 بووە. هەروەها دوو هەزار و 755 تۆمەتبار دەستگیر كراون، کە باندەکانى دزى، کوشتن، تەقەکردن و ڕێگریکردنیان لەناودا بووە، تۆمەتباریش هەبووە لە ساڵانى پێشتر فەرمانى دەستگیرکردنى هەبووە، ئەمساڵ دەستگیر کراوە".
گوتیشی: "لە هەولێر و دەوروبەرى 34 تاوانى کوشتن هەبووە، کە 31 تاوان ئاشکرا بوونە و تاوانباران دراونەتە دادگا، 21 حاڵەتى تەقەکردنیش هەبووە و 18 حاڵەت ئاشکرا کراون".
ئه‌وه‌شى خسته ڕوو لەگەڵ ئەوانەشدا، دەستگیرکردنى چەند باندێکى ڕێگری‌کردن کە بە هێزى چەک بووە، 24 تۆمەتبار بوون، دەستگیر کراون، هه‌روه‌ها 606 سواڵکەر بە هەردوو ڕەگەزى نێر و مێر، دەستگیر کراون.
موقه‌ده‌م هۆگر عه‌زیز ڕوونیشى كرده‌وه، هەر لەو ماوەیەدا 300 نێرگەلە لە پارک و باخچەکان ده‌ستیان به‌سه‌ردا گیراوه، هه‌روه‌ها نۆ تۆن خۆراکى ماوە بەسەرچوو دەستیان بەسەردا گیراوە، 479 شوێنى زێدەڕۆیی تێک دراون و 142 ئۆتۆمبێل بەهۆی دەنگى بەرزەوە دەستبەسەر کراون، 52 سەرپێچیکاریش بەهۆی پابەندنەبوون بە ڕێنوێنییه‌كان دەستگیر کراون، 392 شوێنیش بەهۆی پابەندنەبوون بە ڕێنوێنیی تەندروستى داخراون.
گوته‌بێژى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی پۆلیسی پارێزگاى هەولێر باسى له‌وه‌ش كرد، 130 تۆمەتبار کە لە پارێزگاکانى دیکەى هه‌رێمى کوردستان و عیراق فەرمانى دەستگیرکردنیان هەبووە، دەستگیر کراون، هەر لە ماوەى ئه‌و شەش مانگه‌دا پۆلیسی هەولێر و ئاسایش و زێرەڤانى هەڵمەتى دەستبەسەراگرتنیان ئەنجام داوه، لە ئه‌نجامدا 20 تۆمەتبار، 82 ئۆتۆمبێلى بێ سەرەتا، 139 دەمانچە، 28 کڵاشینکۆف، 10 تاپڕ، هه‌زار و 756 فیشەک، 89 مەخزەنى چەک و 202 کەلوپەلى دیکەشیان دەستبەسەردا گرتووە.




