٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

''شنگال کراوە بە شوێنی بۆمبە چێنراوەکان''

سەرچاوە: KDP.info

لە دەشتێکی وشک و بێدەنگ و ترسناکدا کە پڕە لە ئاسەواری داعش و هێشتا خانووە ڕووخاوەکانی دوای ٧ ساڵ وەک خۆیانن، سەلمان سەبری، مێردمنداڵێکی ئێزدیی خەڵکی عزێری سەر بە ناوچەی گرعزێری باشووری قەزای شنگال، شوانە و مەڕەکانی دەباتە قەراغ گوندەکەی.

 

دوێنێ خێزانەکەی چاوەڕێی سەلمان بوون بگەڕێتەوە ماڵێ و نەیاندەزانی ئەو لە ناوچەیەکی پڕ لە مین، گیانی لە مەترسیدایە. سەلمان لەو دەشتانەدا شوانی دەکات کە پێشتر داعشیان تێدا بووە و ''مین''یان تێدا چێنراوە، هەربۆیە لە کاتی گەڕان بە ناوچەکەدا بەسەر مینێکی چێنراودا دەکەوێت و پێیدا دەتەقێتەوە.

 

دوایی تەقینەوەکە کەسوکاری لە شنگالەوە دەگەنێ و دەیگوازنەوە بۆ نەخۆشخانەی شنگال، کەچی لەبەر نەبوونی کەلوپەلی پێویستی تەندروستی ڕەوانەی تلەعفەری دەکەن، بەڵام بەهۆی قورسیی برینەکەیەوە لەوێ گیانی لە دەست دەدات.

 

سەلمان ئێشی شوانیی دەکرد تا کاتی قوتابخانە دەهات. مامۆستایەک باسی ئەو ڕووداوە دەکات و دەڵێت: ''زۆر دڵگران بووم کاتێک چوومە قوتابخانە و لە پۆڵدا هەموویان لە حاڵەتێکی هێستریاییدا بوون و بۆ سەلمان دەگریان. کە دیتم کورسییەکەی بەتاڵە، لە قووڵایی دڵەوە خەمبارم بووم.''

 

بەپێی گێڕانەوەی کەسوکارەکەی، ئەوان دەیانزانی ناوچەکە پڕە لە مین، بەڵام چی بکەن نەیتوانیوە چیی تر لە ئاوارەییدا بمێننەوە.

 

شنگال دوای ئازادکردنی هێشتا پاک نەکراوەتەوە و حکوومەتی عێراقیش مەلەفی شنگالی پشتگوێ خستووە و ئەمە چەندین حاڵەت لە شنگال ڕووی دا و بووەتە هۆی کوژران و برینداربوونی چەندین کەس.

 

بەپێی زانییارییەکان، مەلەفی گەندەڵیی گەورە لەسەر پاکنەکردنەوەی پاشماوەکانی جەنگ لە عێراقدا هەیە، چونکە بەرپرسانی عێراق ئاماژە بەوە دەدەن کە پارەیەکی زەبەلاح بە ئەو کۆمپانیا و ڕیکخراوانە دراوە بۆ پاککردنەوەی ئەو مینە چێنراوانە، کەچی ئەو پارەیە بە هەدەر دراوە و هێشتا عێراق بەدەست ئەم کێشەیەوە دەناڵێنێت و حکوومەتە یەک لەدوای یەکەکانی عێراقی نەیاتوانیوە ئەم مەلەفە چاک بکەن.

 

زۆر وڵات و بەتایبەت ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا پارەیان بۆ پاککردنەوەی شارە عێراقییەکان لە پاشماوەی مین تەرخان کردووە، لە ساڵی ٢٠١٨دا مایک پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند، وڵاتەکەی ١٦٠ ملیۆن دۆلاری پێشکەشی حکوومەتی عێراق کردووە بۆ لابردنی مین؛ لەوانەش ٧٠ ملیۆن پشکی مووسڵ بوو. هاوکات وەزارەتی گەشەپێدانی نێودەوڵەتیی برێتانیاش جەختی لەوە کردبوو کە ١٦٥٠٠ کیلۆگرام تەقینەوەیان لەنێو بردووە؛ ٨٠ پشتینەی تەقینەوە و ٢٠٠٠ پارچە تەقینەوەی تر.

 

''ئەو شارەی کە بۆ ژیان نابێت''

 

‌خەڵک گەڕانەوە باکووری شارەکە، بەڵام بۆ باشووری شارەکە خەڵک دەترسێ و کەم کەم گەڕانەوە. لەوبارەیەوە، قاسم شەشۆ، فەرماندەی پێشمەرگەی شنگال پێی وایە، نەگەڕانەوەی خەڵکی شارەکە لەبەر ئەوەیە کە متمانەیان نییە. باشووری شارەکە پڕە لە تەقەمەنی، بۆیە خەڵک نایانەوێ بگەڕێنەوە، چونکە هەر جارە و لە شوێنێک مین دەتەقێتەوە.

 

''گومانمان هەیە لەوەی کە داعش بۆ بەرگریکردن هەر هەمووی باشووری شنگالی کردبێتە بۆمبی چێنراو، چونکە ئەوان لێرە بەرگریییان دەکرد و لێرە زیاتر لە ٢٠ حاڵەتی تەقینەوە هەبووە.'' شەشۆ بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی وا دەڵێت.

 

خەڵکی ئێزدی کەمپەکانیان هەڵبژاردووە و دەڵێن، شارەکەیان جگە لە نەبوونی خزمەتگوزاری، لە باری ئەمنییشەوە بۆ ژیان نابێت و بووەتە شوێنی سیراعات.

 

'' حکوومەتی عێراق خەڵکی شنگالی لەنێو میندا جێ هێشتووە''

 

پارەیەکی زەبەلاح لە دەستی حکوومەتی عێراقدایە، ئەمە ٧ ساڵە نە دەیەوێت شارەکە پاک بکاتەوە لە مین و نە ئاگایشی لێیەتی. لەو بارەیەوە مەحما خەلیل، قائمقامی قەزای شنگال دەڵێت: "حکوومەتی عێراق کەمتەرخەم بووە لە پاککردنەوە شنگال و دەتوانین بڵێین زیاتر لە ٥٠٪ ی شارەکە بەهۆی مینە چینراوەکانەوە لەژێر مەترسیدایە."

 

دەشڵێت: "خەڵک ناچارن سەرەڕای مەترسی کاری خۆیان بکەن. ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانیش بێئاگان لەوەی شنگال ناوچەی مینە و هانی خەڵک دەدەن بگەڕێنەوە شارەکە."

 

کاروان بــاعەدری

 

هەواڵی پەیوەندیدار