لە ھەر ناوچەیەک جووڵەی داعش ھەبێت ئۆپەراسیۆنی ھاوبەشی لێ بەڕێوە دەچێت

بەغدا-KDP.info- ئەم مانگە زیاتر لە ٢٠ ئۆپەراسیۆن دژی چەکدارانی داعش بەڕێوە چووە و، نوێنەری ھەردوو وەزارەتی پێشمەرگە و سوپای عێراق لە فەرماندەییی ئۆپەراسیۆنی ھاوبەشی عێراق دەڵێت، لەوەتەی ژوورە ھاوبەشەکان پێک هاتوون، کاریگەریی باشیان لەسەر جووڵەی داعش ھەبووە و بڕیار دراوە لە ھەرشوێنێک جووڵەی داعش ھەبێت و زانیاری لەلایەن ژوورە ھاوبەشەکانەوە بدرێت، ئۆپەراسیۆنی ھاوبەش لە نێوان سوپا و پێشمەرگە و ھاوپەیماناندا لەو ناوچەیە بەڕێوە ببرێت.
لیوا عەبدولخالق تەلعەت، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''پێکهاتنی ژووری ھاوبەشی عێراق و ھەرێم لە نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراقدا وای کردووە کە کاریگەریی ئەرێنیی لەسەر جووڵەی داعش لە ناوچە کوردستانییەکان ھەبێت و ئێستا جموجۆڵی داعش زیاتر لە سێگۆشەی تکریت بەردەوامە و لە ناوچەکانی دیکەش جموجۆڵیان ھەیە و داعش تەواو نەبووە، بەڵام ئەو ژوورانە ئەو شوێنانە دیاری دەکەن کە پێویستیان بە ئۆپەراسیۆن ھەیە و جموجۆڵی داعشیان لێیە، بۆیە بڕیار دراوە لە ھەرشوێنێک زانیاری لەبارەی داعشەوە بدرێت، ئۆپەراسیۆن بەڕێوە بچێت، ھەربۆیە دەستبەکاربوونی چوار ژووری ھاوبەش کارێکی باش بوو و سوودێکی زۆری بۆ ھەرێمی کوردستانی ھەیە، لەبەر ئەوەی کاری ئەو ژوورانە کۆکردنەوەی زانیارییە لە ھەموو شوێنەکان و دەیدەنە فەرماندەییی ئۆپەراسیۆن و دواتر ئۆپەراسیۆن لەلایەن پێشمەرگە و سوپاوە بە ھاوکاریی ھاوپەیمانان بەڕێوە دەچێت.''
لیوا عەبدولخالق تەلعەت گوتیشی: "ئەم مانگە زیاتر لە٢٠ ئۆپەراسیۆن لە ناوچە جیا جیاکان بەڕێوە چووە، بەڵام ئەمە تەنھا لە شوێنێک نییە. لە ڕومادی و چوڵایییەکانی ناسرییە و ناوچەکانی دیکەی وەکوو ڕەبیعەش هەیە و ئۆپەراسیۆن بەردەوام دەبێت لە ھەرشوێنێک پێویستی پێی ھەبێت، چونکە ھاوپەیمانان لە ھەموو شوێنێک ئۆپەراسیۆن بەڕێوە دەبەن، بەڵام ئێمە زیاتر تەرکیز دەخەینە سەر ئەو شوێنانەی پەیوەندیی بە ھەرێمی کوردستانەوە ھەیە، بۆیە بەردەوام چاودێری دەکەین و نامانەوێت لە ناوچە کوردستانییەکان داعش زۆر بێت و مەبەستمانە بنبڕیان بکەین و بێگومان کە ژووری ھاوبەش پێک هاتووە، کاریگەریی خۆی ھەبووە.''
بڵند ئیبراھیم




