٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سەفار بۆ KDP: كازمی بەڵێنی بە مەسروور بارزانی داوە.. پارەكە ڕەوانەده‌كرێت

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- بڕیاردەری لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت، بەپێی ئەو ڕێككەوتنەی  كە شەوی ڕابردوو لە نێوان سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و سەرۆكوەزیرانی عێراق كرا، وەك نیازپاكییەك بەغدا مانگانە سولفەیەك بۆ هەرێمی كوردستان دەنێرێت، ناردنی بڕەپارەكەش لە چوارچێوەی ڕێككەوتنی پشكی هەرێمی كوردستانە لەنێو پڕۆژەیاسای بوجەی گشتیی عێراقدا.

د. ئەحمەد سەفار، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "لە چوارچێوەی ئەو ڕێككەوتنەی لە نێوان حكوومەتی هەرێم و حكوومەتی عێراقدا هەیە، مستەفا كازمی، سەرۆكوەزیرانی عێراق، بەڵێنی بە مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان داوە، مانگانە بڕەپارەیەك بۆ هەرێمی كوردستان بنێرێت، كە تا ئیستا نازانرێت بڕەكەی چەندە، بە پێی یاسای بودجەش ئەو سولفەیەی كە ڕەوانەی هەرێم دەكرێت، لە 1/1/2021ـەوە هەژمار دەكرێت".

سەفار گوتیشی: "بڕیارە بڕەپارەكە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا ڕەوانەی هەرێمی كوردستان بكرێت، ناردنی بڕەپارەكەش لە بەرامبەر پەیوەستبوونی هەرێمە بە پابەندییە داراییەكانی بەرامبەر بەغدا".

بڕیاردەری لیژنەی درایی ڕوونیشی كردەوە: "گفتوگۆ و دانوستانەكانی حكوومەتی هەرێم و بەغدا لە نێوان دیوانی چاودێریی دارایی هەردوولا بۆ جێبەجێكردنی تەواوەتیی ڕێككەوتنی بەغدا و هەولێر بەردەوامە، كارەكانیش بەباشی بەڕێوە دەچن، هەروەها گفتوگۆكان زیاتر لایەنی هونەرین، بۆیە گەشبینم بەوەی لە ئایندەیەكی نزیكدا كۆتایی بەم بابەتی ڕێككەوتنە بێت و وەك خۆی جێبەجێ بكرێت".

 

 

ئەرسەلان ئەحمەد

هەواڵی پەیوەندیدار