٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

زیرەک کەمال: پەیوەندیه‌كانی ھەرێم و ئیمارات دەچنە ئاستێکی باڵاتر

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- راوێژکاری سەرۆکی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند، سەردانی سەرۆکی ھەرێم بۆ وڵاتی ئیمارات، گرنگیی زۆری ھەیە و پەیوەندییەکانی نێوان ھەرێم و ئیمارات دەچنە ئاستێکی باشتر و باڵاتر، کە رەنگدانەوەی ئەرێنیی دەبێت هەم لە ڕووی سیاسی و ھەمیش لە ڕووی ئابوورییەوە، چونکە ئیمارات سەرۆکی ھەرێمی بانگهێشت کردووە، ئەمەش واتای ئەوەیە ھەردوولا پێویستیان بە یەکتری ھەیە.

زیرەک کەمال، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، ئیمارات لەسەر ئاستی وڵاتانی کەنداو و رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و بگرە جیھانیش، پێگەی جیۆسیاسی و ئابووریی گرنگی ھەیە و ھەر دەوڵەتێک ئەو دوو پێگەیەی ھەبێت، دەتوانێت ببێتە گەمەکارێکی گرنگ و دیار و گەورەی سیاسەت لە گۆڕەپانی سیاسی، پەیوەندیی ئیمارات و ھەرێمیش دیرۆکییە و بە ھەوراز و نشێودا رۆیشتووە، ڕەنگە لە ھەندێک قۆناغ و وێستگە پچڕانی ھەبووبێت، بەڵام بە گشتی پەیوەندییەکان لە ئاستێکی باشدا بوون، بۆیە لەسەر ئاستی سیاسی و ئابووری، ئیمارات بۆ ھەرێمی کوردستان گرنگە.

راوێژکاری سەرۆکی ھەرێمی کوردستان گوتیشی، ھەرێمی کوردستان بە ھۆی ئەو پێگە جیۆگرافییە سیاسییەی ھەیەتی و ئەو واقعە و قۆناغەی تێیدا دەژین، بۆتە پەناگەیەکی بەھێز و باش بۆ سەدان ھەزار پەنابەری ناوچەکە و عێراق، کە سوننەن، ئەمە بۆ وڵاتانی کەنداو گرنگە، بۆیە ھەرێمیش پابەندی ئەو سیاقە نێودەوڵەتییە بووە کە نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان دایڕشتووە، لەبەر ئەوە، دوای ئەو سەردانە، پەیوەندیی ھەرێم و ئیمارات دەچێتە ئاستێکی باشتر و باڵاتر و ھیوای ئەوەش دەخوازین ببێتە هۆی بەھێزکردنی بنەماکانی ئابووری و بەھێزکردنی پەیوەندیی سیاسی، ھەم لە نێوان ھەرێم و ئیمارات و ھەمیش لەگەڵ وڵاتانی کەنداودا.

کەمال باسی لەوەش کرد، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان داوەت کراوە بۆ ئیمارات و کە کۆبوونەوەیەکیش دەکرێت، لە زانستی دیپلۆماسیەت ھەردوولا پێویستیان بە یەکتری ھەیە و گرنگن بۆ یەکدی، بۆیە سەردانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان رەنگدانەوەی ئیجابیی دەبێت لەسەر ژیانی خەڵک و ھەرێمی کوردستان بە گشتی، ئەمەش دوای سەردانەکە بەدیار دەکەوێت، بەڵام پەیوەندییەکان دەچنە چوارچێوەیەکی باشتر لە هەموو روویەکەوە، بۆیە دواتر ڕەنگدانەوە ئەرێنییەکان دەردەکەون.

 

بڵند ئیبراھیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار