"لیژنەی رۆشنبیری بەدواداچوون بۆ سووکایەتیکردن بە ناوی پێشمەرگە دەکات"
__2021_06_08_h15m45s13__ER.jpg)
دوای ئەوەی لەلایەن میدیای فەرمیی کۆمەڵی دادگەرییەوە سووکایەتیی بە ناوی پێشمەرگە کرا، لیژنەی رۆشنبیری و کۆمەڵگەی مەدەنی لە پەرلەمانی کوردستان بەدواداچوون بۆ پرسی سووکایەتیکردن بە پێشمەرگە دەکات.
ئازاد کۆرەچی، ئەندامی لیژنەی رۆشنبیریی پەرلەمانی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "ھەندێ خەڵک و کەناڵی ئاسمانی وا دەزانن لە ھەرێمی کوردستان ناژین و ھیچ سۆزێکیان بەرانبەر بە گەل و نیشتمانی خۆیان نییە، پەرلەمان نوێنەری گەلە و بەیاننامەی دەرکردووە لەبارەی رووداوی شەھیدکردنی پێشمەرگە، نایشارینەوە لایەن ھەن لە ھەرێمی کوردستان بە تێکچوونی رەوشی ھەرێمی کوردستان خۆشحاڵن."
ئەندامەکەی لیژنەی رۆشنبیری دەڵێت: "ھێزی پێشمەرگە بەرگری لە ھەرێمی کوردستان دەکات و ھەر پێشمەرگەیەک گیانی خۆی لەپێناو نیشتمانەکەی بەخت بکات، ئەوە ھیچ گومانی تێدا نییە شەھیدە، ئێمە دڵگرانین بەوەی ئەو کەناڵە ناوی پێشمەرگە شەھیدەکانی بە کوژراو ناو بردووە."
ئازاد کۆرەچی روونی کردەوە: "لیژنەی رۆشنبیریی پەرلەمانی کوردستان کار لەسەر ئەوە دەکات بە یاسا رێگری لەو کەس و میدیایانە بکرێت کە بەیاننامە لەدژی ھەرێمی کوردستان دەردەکەن و پێشمەرگەی شەھید بە کوژراو ناو دەبەن، ناکرێت خەڵکێک لەدژی ھەرێمی کوردستان بێت و لە میدیا وەک قارەمان ناوی ببرێت و پێشمەرگەش لەپێناو خاکی خۆی شەھید ببێت، بە کوژراو ناوی ببەن."
قائید میرۆ




