سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی: لەم حەفتەیەدا پارتی بۆچوونی خۆی لەسەر دەستوور پێشکەش دەکات

هەولێر-KDP.info- بڕیارە لەم حەفتەیەدا فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان بۆچوونی حزبەکەی لەبارەی پڕۆژەی دەستووری ھەرێمی کوردستان پێشکەش بە سەرۆکایەتیی پەرلەمان بکات و سەرۆکی فراکسیۆنی پارتییش دەڵێت، دەیانەوێت ھەموو حزبە سیاسییەکانی کوردستان بەشدار بن لە نووسینەوەی دەستووردا.
زانا مەلاخالید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "بۆچوونی فراکسیۆنی پارتی ڕای فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەبێت کە پێشکەشی پەرلەمانی کوردستانی دەکەین، لەم حەفتەیەدا بۆچوونی فەرمیی پارتی لەبارەی پڕۆژەی دەستووری ھەرێم پێشکەشی سەرۆکایەتیی پەرلەمان دەکەین کە بە شێوەیەکی گشتی لەسەر شێوازی نووسینەوەی دەستوور دەبێت. بۆ نموونە ئەو لیژنەیەی پێشتر ھەبووە بەردەوام دەبێت، یان لیژنەیەکی دیکە پێک دێت. دەمانەوێ بزانین کامانەن ئەو لایەنانەی بەشدار دەبن لە نووسینەوەی دەستووری ھەرێمی کوردستان."
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دەشڵێت: "ئێمە پێمان وایە دەستوور بۆ ھەموو خەڵکی کوردستانە و تەنھا بۆ یەک خۆڵی پەرلەمانی نییە، چونکە لە کۆتاییدا گەل دەنگی پێ دەدات، نەک تەنیا پەرلەمانتاران، لەبەر ئەوەش، پێویستە ھەموو لایەنە سیاسییەکانی ھەرێمی کوردستان بەشدار بن لە نووسینەوەی دەستوور. لەگەڵ ئەوەشدا دەبێ پێکھاتە ئایینی و نەتەوەیییەکان بەشدار بن، دامەزراوەکانی دیکەی وەک پەرلەمان و سەرۆکایەتیی ھەرێم و ئەنجومەنی دادوەرییش لە نووسینەوەی دەستووردا بەشدار بن."
لەبارەی ئەو ھێرشانەی لەلایەن ھەندێ ڕاگەیاندنەوە دەکرێنە سەر پارتی، زانا مەلاخالید ڕوونی کردەوە: "ئەوەی دەگوترێت ئەگەر بۆچوونی لایەنێکی فەرمی بێت، ئەوە ئێمە قسەی خۆمان دەبێت، بەڵام ئەگەر خەڵکەک لە خۆیەوە قسە لەسەر دەستوور بکات، ئەوە پێم وایە دەستوور لە لایەنێکی سیاسی گەورەترە، ئێمە کە زۆرینەی پەرلەمانیشمان ھەیە، بەڵام ئەو زۆینەیەی خۆمان ئیستیغلال ناکەین بۆ نووسینەوەی دەستوور بە شێوەیەک لە بەرژەوەندیی خەڵکی کوردستان نەبێت، بەپێچەوانەوە، ئەو دەستوورەی دەنووسرێتەوە شانازییە ئەگەر بڵێین دەستوورێکی پارتییانە بێت، چونکە دەستووری پارتییانە دەستووری کوردانە دەبێت و ئێمە خۆمان بە خاوەنی قەزیەکە دەزانین، ئەوەی دەینووسینەوە لە بەرژەوەندیی خەڵکی کوردستان دەبێت."
قائید میرۆ




