یاساى هه‌ڵگرتنى چه‌ک هه‌موار ده‌کرێته‌وه

هەولێر-KDP.info- سه‌رۆکى لیژنه‌ى ناوخۆ و ئاسایش و ئه‌نجومه‌نە خۆجێییه‌کانی په‌رله‌مانى کوردستان ده‌ڵیت، یاساى هه‌ڵگرتنى چه‌ک له هه‌رێمى کوردستان که‌موکورتیى زۆرى تێدایه و ئێستا لیژنه‌که‌یان به هه‌ماهه‌نگى له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تى ناوخۆى حکوومه‌تى هه‌رێم کار بۆ هه‌موارکردنه‌وه‌ى یاساکه ده‌کات.
شاخه‌وان ڕه‌وف به‌گ، سه‌رۆکى لیژنه‌ى ناوخۆ و ئاسایشی په‌رله‌مانى کوردستان، به ماڵپه‌ڕى فه‌رمیى پارتى دیموکراتى کوردستانى ڕاگه‌یاند: "له هه‌رێمى کوردستان هه‌ڵگرتنى چه‌ک به یاساى ژماره 16ى ساڵى 1993 ڕێکخستنى یاساییى بۆ کراوه و جۆر و مه‌رجه‌کانى هه‌ڵگرتن و سزاکانى سه‌رپێچیکردن دیاری کراون له‌گه‌ڵ چه‌ند ڕێنمایییهکى تر‌ى په‌یوه‌ست به ڕێکخستنى یاساى هه‌ڵگرتن و مۆڵه‌تپێدانى چه‌ک، هه‌ندێک له بڕگه و خاڵەکانى ئه‌م یاسایه که‌موکورتیى تێدایه و پێوسته هه‌موار بکرێته‌وه، چونکه ئه‌و یاسایەی که ئێستا کارى پێ ده‌کرێت له سه‌رده‌مێکدا نووسراوه که واقعى کۆمه‌ڵایه‌تى و سیاسیى هه‌رێمى کوردستان ته‌واو جیاواز بووه، بۆیه به هه‌ستکردن به به‌رپرسیاریه‌تیى قۆناغى ئێستا و زۆربوونى حاڵەته‌کانى کوشتن که زۆربه‌ى هه‌ره‌زۆریان به چه‌کى بێمۆڵەت ئه‌نجام ده‌درێن، لیژنه‌که‌یان سه‌رقاڵى ههموارکرنهوهى یاساکه‌یه، حه‌تمه‌ن به ههماهەنگیى لایه‌نى په‌یوه‌ندیدار به‌م بابه‌ته که وه‌زاره‌تى ناوخۆیه".
ڕه‌وف به‌گ گوتیشى: "یاساى پێدانى مۆڵەتى هه‌ڵگرتنى چه‌ک له هه‌رێمى کوردستان کارئاسانیى زۆرى تێدایه، له‌م یاسایه‌دا هه‌موو که‌س مۆڵەتى هه‌ڵگرتنى چه‌کى پێ دراوه، جگه له‌وه‌ش، غه‌رامه و ماوه‌ى به‌ندکردن له یاساکه بۆ که‌سى سه‌رپێچیکار که‌مه، ئێمه ده‌مانه‌وێت هه‌مواره‌که به شێوه‌یه‌ک بێت هه‌موو که‌س نه‌توانێ به ئاسانى ببێته خاوه‌نى هه‌ڵگرتنى ده‌مانچه و چه‌ک، هه‌موارى یاساکه به شێوه‌یه‌ک ئاماده ده‌کرێت که ئه‌و فهوزایهى له هه‌ڵگرتنى چه‌ک هه‌یه چاره‌سەر بکات."
ڕوونیشى کرده‌وه: "تێکچوونى دۆخى ئێستاى کۆمه‌ڵایه‌تى و ئاسایشى بەشێک له شاره‌کان بێگومان هۆکارە سهرهکییەکەی بوونى ئه‌و چهکە زۆر و بێمۆڵهتهیه که ئێستا هه‌یه، لیژنه‌ى ناوخۆ و ئاسایش مه‌ترسییه‌کانى ئه‌م دیارده‌یەی به هه‌موو لایه‌ک گه‌یاندووه، ئێستا بەشی زۆری تاکه‌کانى کۆمه‌ڵگه هه‌ڵگرى ئه‌و جۆره چەکانهن که هیچ ئه‌ساس و ڕێگهپێدانێکى یاسایی‌یان نییه، ئه‌گه‌ر بێت و ڕێگه‌ى لێ نه‌گرێت دوور نییه به ته‌واوى ئاشته‌واییی کۆمه‌ڵایه‌تى بخاته مه‌ترسییه‌وه و دواجار ئه‌وه‌ى لێ ده‌بینرێت که ئێستا ڕوو ده‌دات".
ده‌شڵێت: "ئه‌گه‌ر بێت و هه‌موارى ئێستاى یاساکه وه‌ک خۆى په‌سه‌ند بکرێت ئه‌وا به‌شى زۆرى گرفتى هه‌ڵگرتنى چه‌ک و ده‌مانچه‌ى بێمۆڵەت چاره‌سه‌ر ده‌کات".
به‌پێى ئامارێکى وه‌زاره‌تى ناوخۆ له ماوه‌ى ساڵه‌کانى 2019 و 2020دا له هه‌رێمى کوردستان 530 که‌س به‌هۆى چه‌که‌وه کوژراون، یاخود خۆیان کوشتووه و، له ماوه‌ى ساڵێکیشدا ده‌ست به‌سه‌ر زیاتر له 14 هه‌زار پارچه چه‌کدا گیراوه.
ئەرسەلان ئەحمەد




