٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
میدیای پارتی

عیماد ئه‌حمه‌د: ئۆپۆزیسیۆن هەندێك جار لەجیاتی ئەوەی راستییەكان پێشان بدات، دەیان شێوێنێت

سەرچاوە: Hewler

جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان عیماد ئه‌حمه‌د دەڵێ ئەو دەسەڵاتەی ئێستا نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، زۆرترە لەو دەسەڵاتەی لە سەردەمی دوو ئیدارەییدا لە سلێمانی هه‌ی بوو.

عیماد ئه‌حمه‌د له‌ دیمانه‌یه‌كیدا له‌گه‌ڵ "ڕووداو" ده‌ڵێت: "ئەو دەسەڵاتەی كاك نێچیرڤان بە منی داوە، كاك عومەر فەتاح 25%ی ئەو دەسەڵاتەی نەدابوومێ، ئەوكاتەی من جێگری ئەو بووم لە ئیدارەی سلێمانی، كە هەردووكیشمان ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی بووین".

هه‌روه‌ك ده‌ڵێت:"بڕواناكەم هیچ بڕیارێك هەبووبێ كاك نێچیرڤان دایبێ و لە سلێمانی بۆی نەچووبێتە سەر".

دەربارەی گرێبەست و پڕۆژە نەوتییەكانی هەرێمی كوردستانیش دەڵێ هەرچەندە سەرەتا نەیویستووە دەسەڵاتی تێدا هەبێت، بەڵام دواتر بەپێی یاسای نەوت و غازی هەرێمی كوردستان بووەتە ئەندامی لیژنەی باڵای تایبەت بەو بوارە لە حكومەتی هەرێمی كوردستاندا: "ئێستا خۆم بە خاوەنی هەموو گرێبەستەكانی نەوت دەزانم و شەریكبووم لە دەركردنی بڕیارەكان و شەریكم لە ١٠٠%ی مەسەلەكە".

جێگری سەرۆكی حكومەت دەڵێ بەو دواییانە سەردانی وەزارەتی سامانە سرووشتییەكانی كردووە و پێی گوتوون "ئێوە دەستكەوتێكی گەورەتان بۆ ئەو میللەتە بەدەستهێناوە، بەڵام ناتوانن بڕوا بە تاكی كورد بێنن. بۆیە لەجیاتی ئەوەی دەستخۆشیتان لێبكەن و تاجە گوڵینەتان بدەنێ، جۆرەها تۆمەتتان بۆ دروستدەكەن".

ئەو رەخنە لە حكوومەت دەگرێت كە نەیتوانیوە مەسەلەكە بۆ خەڵك روون بكاتەوە، رەخنە لە ئۆپۆزیسیۆنیش دەگرێت: "بەڕاستی ئۆپۆزیسیۆنیش هەندێكجار لەجیاتی ئەوەی راستییەكان پێشان بدات، دەیان شێوێنێت. لەجیاتی ئەوەی شەریك بێ لەگەڵ ئێمە، هەروەك شەریكە لەم وڵاتەدا و قەیرانەكان چارەسەر بكات، خۆی لەپێناو لاوازكردنی دەسەڵاتدا قەیران دروست دەكات".

عیماد ئەحمەد دەڵێ ئۆپۆزیسیۆن لە وڵاتانی ئەوروپادا بەوشێوەیە مامەڵە لەگەڵ قەیرانەكان ناكات: "لەوێ ئۆپۆزیسیۆن حكومەت و سیمبوول و دەسەڵاتەكەی خۆی واناشیرین ناكات و بە دز حیسابیان ناكات كە بەیانی نەوەكانی دیكە باجی بدەن".

 

هەواڵی پەیوەندیدار