٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

حکوومەت دەستی بە درووستکردنی ئەژماری بانکی بۆ فەرمانبەران کردووە

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- بەپێی نووسراوێکی وەزارەتی داراییی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، داوا لە سەرجەم فەرمانگەکان کراوە کە لە ڕێگەی فۆرمێکەوە داتا و زانیارییان لەبارەی فەرمانبەرانەوە بۆ ڕەوانە بکەن، بۆ ئەوەی ئەژماری بانکی بۆ ھەموو فەرمانبەران بکرێتەوە. ئەندامێکی لیژنەی داراییش دەڵێت، ئەمە ھەنگاوێکی گرنگە و سوودی زۆریشی ھەیە بۆ سیستەمی بانکی کە بە ئەلکترۆنی دەکرێت و ھەموو زانیاریی فەرمانبەران لەو ئەژمارە بانکییەدا دەبێت بە پاشەکەوتی مووچەکەشیانەوە.

وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان نووسراوێکی بۆ سەرجەم وەزارەت و فەرمانگە بەستراو و نەبەستراوەکانی سەر بە وەزارەتەکان ناردووە کە کۆپییەکی بە دەست ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گەیشتووە و تێیدا ھاتووە: "داوا دەکەین داتا و زانیاری لەسەر گشت فەرمانبەرانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕەوانە بکەن بۆ ئەوەی ئەژماری بانکییان بۆ بکرێتەوە، ئەوانەی تا ئێستا بۆیان نەکراوەتەوە، ئەمەش بۆ جێبەجێکردنی یاسای چاکسازیی ژمارە ٤ی ساڵی ٢٠٢٠ ماددەی ١٣، برگەی یەکەم."

فۆرمێکی تایبەتیش ئامادە کراوە کە پێویستە فەرمانبەران ھەموو زانیارییەکان لەو فۆرمەدا بنووسن بۆ ئەوەی بتواندرێت لەو ڕێگەیەوە ئاگاداری گشت زانیارییەکان بن.

ئەرشەد حوسێن، ئەندامی لیژنەی داراییی پەرلەمانی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "ئەوکارەی حکوومەت لە چوارچێوەی یاسای چاکسازیدایە و ھەنگاوێکی گرنگە کە ھەموو زانیاری و شایستەکانی فەرمانبەران لەو ئەژمارەدا کۆ بکرێنەوە و جگە لەوەش، ئەمە بۆ پێشکەوتنی سیستەمی بانکییە و لە چاکسازیشدا باسی لێوە کراوە و پێویستە جێبەجێ بکرێت و پاشەکەوتی مووچەش لەوێ دادەنرێت."

ئەرشەد حوسێن باسی لەوەش کرد: "ئێستا حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازیدا دەستی بە دروستکردنی ئەژماری بانکی بۆ فەرمانبەران کردووە و بەردەوام دەبێت تا ھەموو فەرمانبەرێک دەبێتە خاوەن ئەژمارێکی تایبەتی بانکیی خۆی."

 

بڵند ئیبراھیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار